تووتن ناوە زانستییەکەی نیکۆتیاناتاباکۆمە و یەکێکە لەو رووەکانەی لە دێرزەمانەوە لە کوردستان، جووتیاران پێوەی سەرقاڵن. تووتنی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی تووتن لە ئێران و جیهان. هەموو ساڵێک سەرجەم بەرهەمی جووتیاریانی کورد لە رۆژهەڵات لە باکووری ئێران، دەکرێتە جگەرەی وینستۆن، کە چەند ساڵێکە ئەو براندە جیهانییەی جگەرە بە چاودێریی کۆمپانیای (ئارجی رینالدز)ی بەرهەمهێنەری ئەو جگەرەیە، لە ناوخۆی ئێران بۆ بەکارهێنەرە ئێرانییەکان دروست دەکرێت.
مەریوان و سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو جەمسەری ناسراوی تووتنن لە ئێران. محەمەد ئایینی، بەڕێوەبەری گشتیی دوخانیاتی پارێزگای سنە، رایگەیاند: “تەنیا لە شاری مەریوان بایی سێزدە ملیار تمەن تووتن دەچێنرێت”. وتیشی: “بۆ کوالێتی، پارێزگای سنە باشترین جۆری تووتن لە ئێران بەرهەم دەهێنێ و بۆ رێژەش لە ئێران پلەی دووەمە”.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە ئاشکراشی کرد: “لە کارگەی جگەرەی سەقز، ساڵانە یەک ملیار جگەرە دروست دەکرێت و لە بەرنامەماندایە بە کردنەوەی دوو کارگەی دیکە ئەو رێژەیە بۆ دوو هێندە بەرز بکەینەوە”.
لەو داهاتە زۆرەی تووتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا ماندوویەتییەکەی بۆ جووتیاران دەمێنێتەوە و حکوومەت ساڵێک دوای وەرگرتنی تووتن، پاش شەش مانگ لە چاندن و ڕنینەوە و وشککردنی لە لایەن ژنان و پیاوانی گوندەکان، پارەیان بۆ خەرج دەکات.
خەلیفە حەسەن، یەکێک لەو جووتیارانەیە لەنزیک دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان، لەگەڵ برایەکی چەند پارچە زەوی کردووە بە تووتن و ئێستا خەریکی ڕنینەوەی تووتنە، وتی: “ئەمڕۆ شەش کرێکارم بۆ ڕنینەوەی تووتن گرتووە و پاش بارکردنی لە ماڵەوەش دەبێ دایک و خوشکەکانم لەگەڵ ژنانی گوند بە شەو و رۆژ خەریک بن، تا پەلکەکان بە دەرزی بە پەتەوە بکەن و دواتر پیاوەکان لەناو شوێنی تاریک بۆ چەندین مانگ خەریک بن، تا ئەو پەلکانە بە جوانی وشک بن”. وتیشی: “حکوومەت بۆ هەر یەک کیلۆ ئەگەر بە تووتنی باش و پلە یەک دایبنێ، نۆ هەزار تمەنمان دەداتێ و بۆ تووتنی مامناوەندییش حەفت هەزار دەدات و زۆر ساڵ تەنیا ماندوویەتیمان بۆ دەمێنێتەوە”.
رەفیق محەمەدی، جووتیارێکی گەنجە و پارچەیەک زەویی لە گوندی سەردۆشی نزیک مەریوان بەکرێ گرتووە و کردوویە بە تووتن و لەو بارەیەوە وتی: “بژێویی ژیانم لەسەر چاندنی تووتنە و ئەزموونی باشم لە بەرهەمهێنانی باشترین جۆری تووتندا هەیە و تووتنەکانم بۆ جگەرەی وینستۆنە لە ئێران و دەرەوەی ئێرانیش. لە هەر یەک هێکتار (چوار دۆنم) چوار تەن تووتن بەرهەم دەهێنم”. رەفیق ئاشکراشی کرد: “لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاندن و وشککردنی تووتنم لە رۆژئاوای کوردستان بینییوە، ئێمە چەندین مانگ زیاتر لە کوردانی رۆژئاوا لە وشککردنەوەی تووتن خۆمان ماندوو دەکەین و رەنگی تووتنمان جوانترە. لە باشووری کوردستانیش لە ناوچەی باکوورمان باشترین جۆری تووتن بەرهەم دێ، کە حکوومەتی هەرێم دەتوانێ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ناسراوەکانی جگەرە لە جیهان کارگەی دروستکردنی جگەرە بە ناو ئەو کۆمپانیانەوە دابمەزرێنێت و براندە ناسراوەکانی جگەرە لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و لەو رێیەوە داهاتی تووتنی کوردستان بچێتە گیرفانی جووتیارانی کورد”.