سەفین دزەیی: بەغدا بەهۆی قەبوڵ نەکردنی پێشنیازی هەرێم ٥ ملیار دۆلاری لەدەستداوە


وتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدرال پێشنیازێکی هەرێمی کوردستانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە وەڵام نەداوەتەوە و بەو هۆیەشەوە ٥ ملیار دۆلاری لەدەست داوە.

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ڕاگەیاند، لەگەڵ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بابەتی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێی بۆڕییەکانی کوردستان و زۆر بابەتی دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ڕوونیشی کردەوە، پێشتر لە میانی کۆنگرەی ئابووریی داڤۆس لە سویسڕا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کردووە، بەڵام هەرچەندە پێشوازی لێ کراوە، بە کرداری جێبەجێ نەکراوە و ئەگەر پێشنیازەکە قەبوڵ بکرایە، ئەوا عێراق لەم ماوەیەدا ٥ ملیار دۆلار داهاتی دەبوو.