حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی لەبارەی بازرگانیی دەرمان دەركرد

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی بازرگانیكردن بەدەرمانەوە دەركرد.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی لەبارەی بازرگانیکردن بەدەرمان لە هەرێمی کوردستان دەرکرد، تیایدا نوێكردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی كراوەتەوە مەرجێكی سەرەكی و هەر كەسێك ئەم مۆڵەتە نوێ نەكاتەوە، مۆڵەتەكەی لێ وەردەگیرێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها بڕیاری داوە هەموو ئەو رێکەوتنانەی لەبارەی بازرگانیكردن بەدەرمانەوە لە نێوان كۆمپانیاكان و پزیشكەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی كرابێت، هەڵدەوەشێنەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا داواکاری گشتی راستەوخۆ چاودێر دەستنیشان دەكات بۆ ئەوەی ئاگەداری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها هەموو جۆرە رێکەوتنێکی لە نێوان پزیشک و دەرمانساز و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی قەدەخە كرد. وەك چۆن نووسینی ناوی كۆمپانیاكانی دەرمان لەسەر رەچەتەكانی پزیشك قەدەخە كراوە، جگە لە نووسینی ناوی زانستی دەرمانەكە، بەتایبەتی بۆ پزیشكانی ددان.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە جگە لە پزیشكی دەرمانساز، هیچ كەسێكی تر مافی مۆڵەتی فرۆشتنی دەرمانی نیە، هەروەها هیچ دەرمانسازێكیش مافی نیە لە یەك مۆڵەت زیاتری هەبێت. دەرمانساز مافی فرۆشتنی هیچ دەرمانێكی نیە بەبێ رەچەتەی پزیشكی تایبەتمەند. لە كاتی پێدانی دەرمانیشدا، دەبێ پسوولەی پێفرۆشتنی دەرمانەكە بداتە كڕیارەكە.