به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی یه‌ك مانگه‌ بۆ سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان راده‌گه‌یه‌نێت

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیدا كه‌ كۆپییه‌كی بۆ خاك نێردراوه‌، تێیدا هاتووه‌ كه‌ له‌ مانگه‌كانی رابردوودا ژماره‌ی رووداوه‌كانی هاتوچۆ زیاتربوون و چه‌ندین رووداوی دڵته‌زێن و ترسناك له‌ رێگاوبانه‌ جیاجیاكاندا روویانداوه‌، له‌ئه‌نجامیشدا چه‌ندین هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و سه‌دانی تریش بریندارو په‌ككه‌وته‌ بوون.

هه‌ر له‌و راگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌نجامدانی سه‌رپێچیكردن لای به‌شێك له‌ شۆفێران بووه‌ته‌ دیارده‌ی رۆژانه‌، بۆ رێگه‌گرتن له‌و سه‌رپێچیانه‌ی ره‌وشی هاتوچۆ ده‌شێوێنن و بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان هه‌ڵمه‌تێكی یه‌ك مانگی بۆ هۆشداریدان به‌ شۆفێران ده‌ستپێده‌كات و له‌دوای هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچیكاران چالاكتر ده‌كه‌ین.

له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا پرۆژه‌یه‌یه‌ك له‌ژێر ناوی “پرۆژه‌ی هۆشیاری هاتوچۆ” ئاشكراكراوه‌. كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ماوه‌ی مانگێك له‌ به‌رواری 18-10-2018 تا 18-11-2018 به‌رده‌وامده‌بێت به‌ ئامانجی هۆشداریدان به‌ شۆفێران بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پێشێلكردنی یاساو رێنماییه‌كانی هاتوچۆ به‌گشتی.

هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر چه‌ند سه‌رپێچییه‌ك چڕده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانیش:
*به‌كارنه‌هێنانی قایشی سه‌لامه‌تی
*به‌كارهێنانی مۆبایل له‌كاتی شۆفێری
*په‌یڕه‌ونه‌كردنی خێرایی رێگه‌پێدراو
*راگرتنی ئۆتۆمبێل له‌شوێنی قه‌ده‌غه‌
*پابه‌ندنه‌بوونی بارهه‌ڵگره‌كان به‌ یاساو رێنماییه‌كان
*نه‌بوونی مه‌رجه‌كانی توندوتۆڵی و پیسكردنی ژینگه‌
*پێشێلكردنی مافی پیاده‌
*هه‌ڵگرتنی تابلۆی ساخته‌
*به‌كارنه‌هێنانی كڵاوی ماتۆڕسكێل
*لێدانی گڵۆپی سوور له‌ ترافیك لایته‌كاندا

له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاكڕازه‌كانی جێبه‌جێكردن روونكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌:
*راگه‌یاندنی هاتوچۆ
*رادیۆی ترافیك
*هاتوچۆی ناو شار
*هاتوچۆی قه‌زای ناوه‌ند
*هاتوچۆی قه‌زاكان
*ئه‌ندازه‌ی هاتوچۆ
*كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كانی هاتوچۆ

یه‌كێكی تر له‌ خاڵه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ میكانیزمی جێبه‌جێكردنیه‌تی، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ند خاڵێك ئه‌وانیش:
*پڕكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی تی ڤی هاتوچۆ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌.
*بایه‌خدانی رادیۆی ترافیك به‌ پرۆژه‌كه‌ له‌ڕێگای ئه‌نجامدانی چه‌ندین به‌رنامه‌و دیدارو بڵاوكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی ناسراو و ئه‌كادیمی و چالاكوان و شۆفێران و قوربانیانی رووداوه‌كانی هاتوچۆ به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردن له‌ پرۆژه‌كه‌.
*سیمینارو وۆركشۆپ رێكبخرێت به‌پێی توانا.
*له‌ڕێگای سپۆنسه‌ره‌وه‌ چه‌ندین فلێكسێك و هه‌زاران پروشور كه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دروستده‌كرێن چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌.
*هه‌ماهه‌نگی بكرێت له‌گه‌ڵ تی ڤی و رادیۆو ماڵپه‌ره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كاندا.
*پرۆژه‌كه‌و گرنگترین چالاكیه‌كانی له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبوكی به‌رنامه‌كانی هاتوچۆو رادیۆی ترافیك و فه‌یسبوكی زۆرترین ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س بیبینێت.

رۆژێك پێش كۆتایی پرۆژه‌كه‌ واتا رۆژی 17-11-2018 كه‌ رۆژی شه‌ممه‌یه‌و پشووه‌ له‌ هه‌موو ئه‌فسه‌رانی باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تریش سێ كه‌س پێكبهێنرێت بۆ ناو خه‌ڵك له‌ بازاڕه‌كان ز شوێنه‌كانی كاركردن كه‌ ئامانجه‌كانی پرۆژه‌كه‌ بۆ خه‌ڵك روونبكه‌نه‌وه‌و داوایان لێبكه‌ن پابه‌ندبن به‌ یاساو رێنماییه‌كانی هاتوچۆ.
*له‌لایه‌ن تیمی تایبه‌ته‌وه‌ سه‌ردانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بكرێت و هانی منداڵان بدرێت چاودێربن به‌سه‌ر دایك و باوكیانه‌وه‌ له‌كاتی شۆفێریدا.
*به‌ گشتاندنێك داوا له‌ داموده‌زگا حكومی و حزبیه‌كان و رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بكرێت هه‌ماهه‌نگ بن له‌ باشتركردنی ره‌وشی هاتوچۆو وێنه‌یه‌ك له‌ پرۆژه‌كه‌ هاوپێچ بكرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین پشتیوانی.

*له‌به‌ر گرنگی رۆڵ و پێگه‌ی مامۆستایانی ئاینی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقاف كاروباری ئاینی سلێمانی كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وتاربێژانی رۆژی هه‌ینی سازبكرێت و هانبدرێن له‌م مانگه‌دا وتاری هه‌ینیه‌ك بۆ پێشێلنه‌كردنی یاساو رێنماییه‌كانی هاتوچۆ ته‌رخانبكه‌ن.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌شدا ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی پرۆژه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كرێت بۆ كاریگه‌ری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌ زه‌قانه‌ی هاتوچۆ ده‌شێوێنن، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچیه‌كان چالاكتر ده‌كات. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندان و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕه‌كان و كامێراكان و سه‌رجه‌م مه‌فره‌زه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌ركی رۆژانه‌ی خۆیان هه‌رچیه‌ك بێت به‌رپرس ده‌بن له‌ تۆماركردنی سه‌رپێچیه‌كان و له‌كاتی كه‌مته‌رخه‌میدا خۆیان لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.