وەزارەتی بازرگانی: نرخی ئاردی سفر گران دەبێت


بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی روونكردنەوە لە بارەی گرانبوونی ئاردی سفرى توركى دەدات و ئاشكرای دەكات چەند رێگە چارەیەكیان گرتۆتەبەر و رێگەنادەن كاریگەری بكاتە سەر بازاڕەكانی كوردستان.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ڕایگەیاند: ئێستا ئاردی توركی گرانبووە بەڵام توانیویانە هاوسەنگی لە بازاڕی كوردستان رابگرن، وتی:” حكوومەتی توركیا پاڵپشتی كردنی حكوومی بۆ ئارد هەڵگرتووە، بۆیە ئاردی سفری توركی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، تەنی 30 دۆلار گرانبووە، بەڵام ئێمە پلانێكمان داناوە رێگری دەكەین لە كاریگەری گرانبوونەكە”.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی روونی كردەوە، هەوڵ دەدرێت ئاردی بایەع زووتر دابەش بكرێت ، ” هەم هەوڵ دەدەین ئاردی بەشە خۆراك زووتر دابەش بكرێت، هەمیش جۆرەكەی باشتر بكرێت، ئێستا ئاردی خۆمانە و ئوستراڵی و كەنەدی لەگەڵ ئاردی بایەعی تێكەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی ئاردە نوێیەكە باش بێت و پێویستی بە ئاردی سفری توركی نەبێت.

ساڵانە بازرگانان زیاتر لە 300 هەزار تەن ئاردی سفر لە توركیاوە دەهێننە هەرێمی كوردستان كە بەهاكەی زیاتر لە 90 ملیۆن دۆلارە.

نەوزاد ئەدهەم ،جەختی كردەوە بەشە ئاردی مانگی 7 دابەش دەكرێت و پڕۆسەی دابەشكردنی ئارد خێراتر دەكرێت، وتیشی:” گەنمی پلەیەكی زۆر باش دێت و لەگەڵ گەنمی خۆمانە تێكەڵ دەكرێت و ئاردێكی باشی لێ دەردەچێت، ئێستا گلەیی لەسەر ئەو ئاردە هەیە كە لە سلێمانی دابەش دەكرێ، چونكە گەنمی ئەو ناوچەیە زۆر خراپە و گەنمەكە لاوازە و نەخۆشە، لە هەولێر و دهۆك گەنمەكە باشە و كێشەی نیە”.

بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی مانگانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 56 هەزار تەن ئارد هەیە .

وتیشی:” ئێمە رێگە دەگرین كاریگەری لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەكان بكات، بازرگانانی هێنانی ئارد قەرەبوی كەمبونەوەی ئاردی سفر دەكەن و ئاسانكاریش دەكەین بۆ كردنەوەی كارگەی ئاردی سفر”.