سندوقی نێودەوڵەتی پارە- ئای ئێم ئێف، بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک پێشبینی کردووە، کە ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابووری لە ئێران بەرزدەبێت و ڕێژەی بێکارییش تا ساڵی داهاتوو دەگاتە ١٤.٣.٪.
ئەمڕۆ سندوقی نێودەوڵەتی پارە ڕاپۆرتێ وەرزانەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆخی ئابوری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستشی هەڵسەنگاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گەشەی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمتردەبێت لەو ڕێژەیەی پێشتر پێشبینی کرابوو.
هەروەها ئاماژەدراوە: هەرچەند بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی ئابووری وڵاتانی هەناردەکەری نەوت گەشەبکات، بەڵام دۆخی ئابوری ئێران ئەو وڵاتانەشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و ئەوەش ڕێژەی گەشەی ئابوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمتردەکات لەو ڕێژەیەی پێشتر پێشبینی کرابوو.
ئەوەش پێشبینی کراوە، کە ئێران لە دوو ساڵی داهاتوودا ڕووبەرووی کێشە و قەیرانی زۆر قورستر دەبێت و ڕێژەی گەشەی ئابوریی ئێران لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا ١،٥٪- (بەڕێژەی ١،٥٪ لە ژێڕ سفرەوە) دەبێت و بۆ ساڵی دواتری ئەو داکشانە زیاتریش دەبێت.
باس لەوەش کراوە، کە ڕێژەی بێکاری لە ئێران لە ساڵی داهاتوودا لە ١١.٨٪ ەوە دەگاتە ١٤.٣٪ و هەڵئاوسانی ئابوریش بە خێڕاییەکی زیاترەوە زۆردەکات.