دەست بەکارەکانی پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی دەکرێتەوە


پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی چەند ساڵێک دوبارە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆکی حکەمەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەکارەکانی دەکرێتەوە و سەرۆکی فەرمانگەی ئەو پرۆژەیەش دەڵێت:ماوەی ٣ ساڵ دانراوە بۆ تەواو کردنی شەقامەکە.

ئەندازیاری شارەزا ئازاد ڕەسوڵ سەرۆکی فەرمانگەی شەقامی ١٠٠مەتری ڕایگەیاند: درێژی شەقامەکە ٣٢کیلۆمەتر و نیوە لە تاسلوجەوە دەست پێدەکات تاکو شەقامی عەربەت-سلێمانی کە لەوێ تەواو دەبێت و لەماوەی ڕابردوودا ھەموو رێکارەکانی تەواو ببوو بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە ڕاگیرا،لەئێستادا دوای چەند کۆبونەوەیەک لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆکی حکومەت بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بەکارەکانی بکرێتەوە.

وتیشی: بودجەی تەرخانکراویش ٤٧٠ملیار  دینارە بەڵام ئێمە کەمترمان کردەوە بۆ ٣٠٠ ملیار دینار بەبێ ئەوەی زیان بە پرۆژەکە بگات.

لەبارەی سود و گرنگی پرۆژەکەش ئازاد ڕەسوڵ روونی کردەوە:قەرەباڵەغی ناوشار کەم دەکاتەوە چونکە شاری سلێمانی یەک دەروازەی ھەیە کە ئەویش شەقامی تاسلوجەیە و بووەتە ھۆی دروست بوونی قەرەباڵەغییەكی زۆر کە لەدوای تەواوبوونی شەقامەکە ڕێگە نادرێت ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر بێنە ناوشار بەڵکو لەو شەقامە دەرەکییەوە ھاتوچۆ دەکەن.

ناوبراو ئەوەشی وت: ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی لە ڕۆژی دەست بەکار کردنەوە تێیدا ٣ ساڵ دانراوە.