پێكهاتەكانی كەركوك داوای هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەكان دەكەن

 
ئەندامانی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی كەركوك، كورد، عەرەب و توركمان لە پەرلەمانی عێراق، یەكدەنگن لەسەر هەڵگیرانی خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركوك و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزایان كۆكردۆتەوەو پرسەكە دەبەنە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە.

(مەریوان نادر) ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ‌دانانی خاڵی گومرگ لە نێوان كەركوك – هەولێرو كەركوك – سلێمانی، تەنها بۆ چەوساندنەوەی خەڵكی شاری كەركوكە، لە هەمانكاتدا دانانی خاڵی گومرگی كارێكی نایاساییەوەو ناكرێت بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ بین.

وەك پەرلەمانتاران لە نەتەوەی كورد، عەرەب و توركمان واژۆمان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسە لە پەرلەمان تاوتوێبكرێت، دەمانەوێت لە دانیشتنی ئایندەی پەرلەمان لەسەر خاڵی گومرگ قسەی لەسەر بكرێت.

بە ئامادەبوونی نوێنەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوو بازگەی گومرك لە رێگەكانی نێوان كەركوك – هەولێرو كەركوك – سلێمانی بە فەرمی كرانەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی عێراق، ئەوەش بووە هۆی جێگەی ناڕەزایی هاوڵاتیان و گرانبوونی نرخی بەشێك لەو كاڵایانەی لەو دوو پارێزگایەوە دەچنە كەركوكەوە.

(ئەحمەد حەیدەر) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی، دەڵێت: ئەوان بە هەموو شێوەیەك دژی دانانی خاڵی گومرگن لە كەركوك، چونكە هاوڵاتیانی شارەكە هیچ تاوانێكیان نییە تا پارەی گومرگ بدەن و پارەی زیادەبدەن لەسەر كاڵایەكی ئاسایی، پارەی گومرگ لە فڕۆكەخانەو خاڵە سنوورییەكان دەدرێت نەك لە نێوان دوو شاری عێراق.

(ئەحمەد حەیدەر) بۆ كەركوك ناو وتی، دەمانەوێت پەرلەمان لەسەر خاڵی گومرگ بێتە دەنگ، نەتەوەی توركمان بەگشتی دژی خاڵی گومرگین، ناكرێت هاوڵاتیانی كەركوك باجی سیاسەتی حكومەتی عێراق بدەن.

داهاتی گومرگەكان لەسەدا یەكی بۆ شاری كەركوك دەبێت، زۆرینەی بۆ بەغداو بەشێكیشی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە.