ئێران هەناردەکردنی 25 کاڵا بۆ وڵاتانی دراوسێ قەدەغە دەکات


سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و دابه‌زینی به‌های توما‌ن وایكردووه‌ رۆژ دوای رۆژ كاڵا و شتومه‌ك له‌ ئێران نرخیان به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت و ئێران بەردەوام هەناردەکردنی شتومەک و کاڵاکانی بۆ دەرەوە قەدەغە بکات.

له‌ نوێترین بڕیاریدا بۆ ریگریکردن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی شتومه‌ك، حکومەتی ئێران هه‌نارده‌كردنی نزیكەی 25 جۆر كاڵای بۆ وڵاتانی دراوسێ قه‌ده‌غه‌كرد، جێگری پارێزگاری ورمێ به‌ رووداوی راگەیاند، ئه‌و شتانه‌مان قه‌ده‌خه‌كردوون كه‌ هه‌نارده‌كردنیان زیان به‌ بازاڕە‌كانی ئێران ده‌گه‌یێنێت. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش پێیوایه‌ ئێران خۆی له‌و بڕیاره‌ زیانمه‌ندی یه‌كه‌مه.

ره‌زا حوسێنی، جێگری پارێزگاری ورمێ  راگەیاند: “25 جۆری کاڵا قەدەغەکراوە. ئەوانەش ئەو کاڵایانەن کە پاڵپشتی حکومەتی ئێرانی لەسەرە. ئێمە بەتایبەتی هاتووین بۆ ئێرە پەیوەندییەکان و کاری بازرگانیمان و هەروەها هەناردەکاریمان و هاوردەکاریشمان لە هەرێمی کوردستانەوە زیاتربکەین. بە واتایەکی دیکە ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان پەرەپێبدەین و گەشەیان پێبدەین”.

ئه‌و كاڵایانه‌ی لەلایەن ئێرانەوە قه‌ده‌غەکراون سه‌ره‌كیترینیان، برنج، ئارد، رۆن، سه‌وزه‌ و میوه‌ و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ی شتومه‌كی پێداویستی رۆژانه‌ن، بڕیاره‌كه‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنووره‌كانی نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌م ده‌كاته‌وه.

عه‌بدولقادر عه‌بدوڵڵا، جێگری بەڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگەیاند: “سه‌ره‌تا ره‌نگه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام بۆ ماوه‌ێكی كاتییە، دواتر بازرگانان رێڕه‌وی دیكه‌ له‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌دۆزنه‌وه‌و هه‌مان ئه‌و كاڵایه‌ی ئێران قه‌ده‌خه‌ی كردوون هاورده‌ی ده‌كه‌ن”.

نزمی به‌های تومه‌ن وایكردووه‌ بازرگانێكی زۆر رۆژانه‌ سه‌دان جۆر ‌كاڵای ئێرانی هاورده‌ی باشووری كوردستان بكه‌ن.لەلایەکی دیکەوە لیره‌ی توركیش هاوشێوه‌ی توما‌ن به‌هاكه‌ی به‌رامبه‌ر دینار و دۆلاری ئه‌مریكی نزمه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر زوو كالاكه‌شی ببێته‌ جێگره‌وه‌ی شتومه‌كه‌ قه‌ده‌خه‌كراوه‌كانی ئێران. ئێستا ئەو کاڵایەنەی لە بازاڕەکانی کوردستانن ته‌نها 10%ـیان بەرهەمی ناوخۆن، ‌ 45%ـی توركین، 30% لەئێرانەوە هاوردە دەکرێن و 15%ـیشی لە وڵاتانی دیكەوە دەهێندرێن.