بەمەبەستی بەھێزکردنی جوڵەی بازرگانیو پەیوەندییە ئابوورییەکان شاندێکی بازرگانی پۆڵەندی سەردانی سلێمانی کرد و لەلایەن ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە خاوەنکارانەوە پێشوازیان لێکرا.
شاندەکەی پۆڵەندا پێکهات بوو لە ئادەم کشتۆن پارێزگاری شاری نەنسود، ژمارەیەک خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەداری پۆڵەندی و بیوتر غربەک بەرپرسی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی پۆڵەندی و کەرتی تایبەت، لە لایەن عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بەڵێندەرانی شاری سلێمانییەوە پێشوازیان لێکرا.
لەکۆبونەوەکەدا عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند شاری سلێمانی لەڕووی پیشەسازییەوە پێشەنگە و٣٠% پیشەسازی عێراق لە شاری سلێمانییە، لەڕووی بازرگانیشەوە بەردەوام لە گەشەسەندن و پێشکەوتندایە و هیوادارین لە داهاتوودا بتوانین هەماهەنگی زیاتر لە نێوان بازرگانانی پۆڵەندا و سلێمانی دروست بکەین.
لای خۆشیەوە ئادەم کشتۆن پارێزگاری شاری نەنسود رایگەیاند زۆر خۆشحاڵین بەھەماھەنگی کردن لەگەڵ ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، ئـامادەین بۆ ھەموو ھاوکارییەک بۆ بازرگانانی سلێمانی کە بیانەوێت بازرگانی بکەن لەگەڵ بازرگانانی پۆڵەندا.