هێڵی ئاسمانی قەتەر لە گەشتەكانی بۆ ئێران بەردەوام دەبێت


هێڵی ئاسمانی قەتەر بەبێ گوێدانە سزاكانی ئەمریكا بڕیاری دا گەشتەكانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بن.

ئەكبەر باكر سەرۆكی جێبەجێكاری هێڵی ئاسمانی قەتەر رایگەیاند چالاكییەكانیان بۆ ئێران بەردەوام دەبن و گەشتی ئاسمانیی بۆ شارەكانی كۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن.

رۆژی دووشەممەش باكر بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند كە سزاكان كەرتی فڕۆكەوانی ناگرێتەوە بۆیە گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی قەتەر بۆ شارەكانی ئێران بەردەوام دەبن.

بەهۆی ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوونی، هێڵی ئاسمانی بەریتانیا و فەڕەنسا گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرت هەرچەندە دواتر هۆكارەكەیان بۆ كەمی قازانج و گەشتیار گەڕاندەوە.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكان هۆشداری دابوو لەوەی هەر وڵاتێك سزاكانی سەر ئێران پێشێل بكات، ئەوا رووبەڕووی سزای ئەمریكا دەبێتەوە.