كۆنگرەی نەوت و وزەی عێراق لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت

كۆنگرەی نەوت و وزەی عێراق لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت و وەزیری نەوتی عێراقیش رایگەیاند: لە گرێبەستە نوێییەكانی وزەدا كۆمپانیاكان پابەند دەكەن بەوەی لە سەدا 85ی دەستی كاریان ناوخۆیی عێراق بێت.

بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی كۆنگرەی وزەی عێراق، لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، لە پەیامێكیشیدا بە بۆنەی كۆنگرەكەوە عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق، داوای لە كۆمپانیا جیهانییەكان كرد، وەبەرهێنان لە كەرتی وزەو خزمەتگوزارییە هونەرییەكاندا بكەن بۆ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە بونیادنانی پرۆژەی ئەوتۆدا كە هۆكار بن بۆ بەرەو پێشبردنی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەكان لە عێراقدا.

وتیشی: ئەو گرێبەستە نوێیانەی كەوەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی وەبەرهێنان لە بوارەكانی گەشەپێدانی كەرتی وزەدا دەیكات كۆمپانیاكان پابەند دەكات بەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتیان باشتر بكات و پابەندیشیان دەكات بەوەی كە دەبێت لەسەدا 85 دەستی كاریان عێراقی بێت.