داهاتی گەشتیاری کوردستان ئەمساڵ ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كردووە


بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە شەش مانگی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و داهاتی گەشتیارانیش 140 ملیار دینار بووە.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تشرینی یەكەم، مەولود جەبار سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، ژمارەی گەشتیاران ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كردووە.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار وتی، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ملیونێك و310 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، كە زۆربەیان لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە هاتوون. هەر لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ، 349 هەزار گەشتیار لە ماوەی 11 رۆژدا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و داهاتی ئەو گەشتیارانە بۆ هەرێمی كوردستان نزیكەی 140 ملیار دینار بووە.

ئاشكرای كردووە، لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ رێژەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی لە ئاستێكی باشدا بوو، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەتی ئێران باجی لەسەر هاووڵاتیانی خۆی بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات دانا، رێژەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان زۆر كەم بووە. لە وڵاتانی تریش گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام رێژەكەی زۆر نییە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوه‌ بۆ رەخساندنی هەلی كار كەرتی گەشتوگوزار بە هەزاران هەلی كاری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە ناوچە دوورە دەستەكان رەخساندووە و كاریگەری بۆ سەر بە بازاڕكردنی كەرتەكانی تریش لەوانە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئەو ناوچانە هەبووە ئەوا سەرۆكی دەستی گەشتوگوزار.