سەرۆك كۆمار: عیراق پێویستی بە یارمەتی نێودەوڵەتییە


           
.
ئەمڕۆ 7-10-2018 دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازییكرد لە یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق و سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ یارمەتیدانی عیراق.

سەرەتای دیدار كۆبیچ گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەشكرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی دكتۆر بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار و متمانە و بایەخی كۆمەڵی نێودەڵەتی دوپاتكردەوە بەوەی قۆناغی ئایندە قۆناغی بەدیهاتنی خواستەكانی گەلی عیراق بێت لە ئارامیی و ئۆقرەیی و تاوسەندن، داوای سەركەوتنیشی كرد بۆ سەرۆك كۆمار لە ئەركەكانیدا.

سەرۆك بەرهەم ساڵح سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ پیرۆزباییەكە سەرلەنوێش سوپاسی ئەنتۆنیۆ گۆتیریس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكانی كرد كە بەتەلەفۆن پیرۆزبایی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، بە پێزانینیشەوە كارەكانی (یۆنامی) بەرز نرخاند دوپاتیشیكردەوە كە عیراق پێویستی بە بەردەوامبونی یارمەتی زیاتری كۆمەڵی نێودەوڵەتییە لەپرۆژەكانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە و ئاشتبونەوە و لە بوارەكانی ئەمنی دیپلۆماتیشدا.

لەبەرامبەردا كۆبیچیش ئەنجامی دیدارە نێودەوڵەتییەكانی ئەم دواییەی سەبارەت بە عێراق خستە رو، ئامادەیی كۆمەڵی نێودەوڵەتیی دەربڕی بۆ بەردەوامبونی لە پشتگیریی كردنی عێراق لە ئاستە جیاجیاكاندا.