سعوودیە که‌میی نه‌وتی ئێران بۆ جیهان قەرەبوو دەکاتەوە

 له‌ حاڵێکدا سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا به‌ ئاشکرا ڕایگه‌یاند که‌ ڕیاز ده‌بێت تێچووی ئه‌منیه‌تی خۆی بدات، محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازادەی سعوودیە له‌مباره‌وه‌ وتی: ئێمه‌ بۆ کڕینی چه‌ک له‌ ئه‌مریکا پاره‌ ده‌ده‌ین به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌منیه‌تی خۆمان هیچ پاره‌یه‌ک ناده‌ین.

ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ ترامپ وتوویه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا نه‌بێت عه‌ره‌بستان دوو حه‌فته‌ به‌رگه‌ی ناگرێت وتی: من عاشقی ئیش کردن له‌گه‌ڵ ترامپم.

ئه‌و زیادی کرد: ده‌بێت قبوڵی بکه‌ین که‌ هاوڕێیان شت خراپ و باش سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن، خۆ ناتوانین هاوڕێیه‌کمان بێت ۱۰۰ له‌ سه‌د شتی باش سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ بڵێت، هه‌میشه‌ لێکتێنه‌گه‌یشتن هه‌یه‌ و ئێمه‌ش ئه‌م شتانه‌ ڕێز ده‌که‌ین. ئێمه‌ ده‌ستکه‌وتی زۆرمان پێکه‌وه‌ له‌ سووریا و شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر بووه‌ و پێکیشه‌وه‌ بۆ ڕاوه‌ستانی ئێران هاوکاری ده‌که‌ین.

محەمەد بن سەلمان ، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمیی نەوت لە بازاڕ دەربڕی و وتی هەر بەرمیلێك كە لە نەوتی ئێران كەم ببێتەوە، ئەوا سعوودیە دوو بەرمیل هەناردە دەكات.

شازادەی سعوودیە  بەڵێنی ئەوەی داوە بە هاوكاری وڵاتانی تری ئۆپێك رێگری لە هەر جۆرە تەنگژەیەك لە بازاڕی نەوتدا بكات و نموونەی ئەوەش ئاماژە پێ دەكات كە ئێران تا ئێستە 700 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوتی دابەزاندووە، كەچی سعوودیە و وڵاتانی تر ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوتیان بەرز كردووەتەوە.

پێویستە بوترێت هەر ئێستە سعوودیە رۆژانە 10 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات و ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیلیش نەوتی زیادەیان هەیە و هەر رۆژێك بازاڕ پێویستی بەو نەوتە بوو، دەیخەنەڕوو.

مەبەستی محەمەد بن سەلمان ئەوەیە ئەمەریكا سوورتر بێت لەسەر سەپاندنی سزاكان دژی ئێران و لەوە نیگەران نەبێت نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، جونكە سعوودیە رێی لێ دەگرێت.

شازادەی سعوودیە وتیشی: به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌م مانگه‌دا زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ ڕووداوه‌کانی کانادا، مێکزیک، لیبیا، ڤێنێزۆئێلا و وڵاتانی دیکه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک به‌ هۆی ئێرانه‌وه‌ بێت.