هاورده‌ی ئۆتۆمبێلی لێدراوی ئه‌مریكی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عیراق بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو (ده‌عمكراوی ئه‌مریكی) بۆ ناو بازاڕه‌كانی عیراق.

ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكردوه‌، به‌بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێگه‌ نادرێت له‌مه‌ودوا ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ زیان به‌ركه‌وتوانه‌ی له‌ ئه‌مریكا و كه‌نداو ھاورده‌ی عیراق ده‌كرێن داخڵی خاكی عیراق بكرێن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، سه‌رجه‌م بازرگانان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ن كه‌چی دی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ هاورده‌ی عیراق نه‌كه‌ن.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ ئه‌مریكاو كه‌نداو ھاورده‌ی عێراق ده‌كرێن، به‌شێكی زۆریان كه‌ڵكی لێخوڕینیان نه‌ماوه‌و له‌ئه‌نجامی پێكدادانێكی سوك زیان به‌ شۆفێرو سه‌رنیشینه‌كان ده‌گات.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا بازرگانه‌كان هاورده‌كردنی ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ به‌كارێكی یاسایی ده‌زانن و ئه‌و تۆمه‌ته‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن ئه‌و بڕیاره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نیه‌.