ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە جموجووڵ و كاروباری بازرگانی و كۆكردنەوەی داهات لەو خاڵە سنوورییەوە، رووی لە هەڵكشانە و لە ماوەی هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، داهاتی مەرزەكە زۆر زیادی كردووە، هەروەها چەندان جۆری خۆراكی خراپی ئێرانی لەناو براون و بە سەدان تانكەریش رەوانەی ئێران كراونەتەوە.
شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، راگەیاند كە لە ماوەی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵدا، بە بەراورد بەكۆی 12 مانگەكەی ساڵی رابردوو 2017، جموجووڵی بازرگانی بەرێژەی سەرووی 35% زیادی كردووە و كۆكردنەوەی داهاتیش زۆر بووە.
بەوتەی شاخەوان، “داهاتی گشتی ساڵی 2017، زیاتر لە 237 ملیار دینار بووە، بەڵام داهاتی تەنیا هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 217 ملیار دینارە و تا كۆتایی ئەمساڵیش زیاتر دەكات، بۆیە بەهیچ شێوەیەك جموجووڵی بازرگانی كەمی نەكردووە”.
لەبارەی كاریگەری ئەو سزا و گەمارۆ ئابوورییەی خراوەتە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و رەنگدانەوەی بەسەر مەرزی باشماخ و دەروازەكانی تری هەرێم، بەڕێوەبەری گومرگ نەیشاردەوە كە “ئەو گەمارۆ ئابوورییەی خراوەتە سەر ئێران، تا ئەم ساتە هیچ كاریگەری و رەنگدانەوەیەكی بەسەرمانەوە نییە، هەموو ئەو دەنگۆیانەشی باس لە داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەكەن راست نین، چونكە جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و زیادیشی كردووە”.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامپی ئێران. نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شارۆكەی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت.