ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى ژمارەیەک هەلی کار لە سلێمانى دەڕەخسێنیێت


ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى هه‌لی كارى بۆ 65 كرێكارى شارى سلێمانى ڕه‌خساند له‌ ڕێى سه‌ندیكاى كرێكارانى شاره‌كه‌وه‌ و سه‌رۆكى سه‌ندیكایش ده‌ڵێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دابینكردنى هه‌لى كار بۆ كرێكاران.

عوسمان حه‌مه‌ سه‌عید، سه‌رۆكى سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان لقى سلێمانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى ڕاگه‌یاند، له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا ئه‌و كرێكارانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان لقى سلێمانى ناویان تۆمار كردبوو و بێكاربوون، ئێمه‌ش له‌ هه‌وڵێكدا بۆ دۆزینه‌وه‌ى كار بۆ ئه‌و كرێكارانه‌، توانیمان بیانخه‌ینه‌ سه‌ر كار له‌ ڕێى ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانییه‌وه‌.

وتیشی، به‌پێی ڕێكه‌وتنی سه‌ندیكای خزمه‌تگوزرای و ڕێكخراوی جی ئای، زێدی ئه‌ڵمانی توانرا ٦٥ كرێكاری خزمه‌تگوزاری ناونوس بكرێن، له‌دوای وه‌رگرتنی زانیاری پێویست خرانه‌سه‌ر كار.

ئه‌وه‌یشى وت، ئه‌و كرێكارانه‌ى كه‌ خراونه‌ته‌ سه‌ر كار، ڕۆژانه‌ بڕى 25 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، جۆری كاركردنه‌كه‌یان پاك كردنه‌وه‌ی ئاوی سه‌رچنار و هاوكاری كردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاوی سلێمانییه‌.