قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە نادیە موراد دەكات


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نادیە موراد دەكات بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نوبڵی ئاشتی.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت: “رۆژێك لە رۆژان، ژیانی خاتوو نادیە لە ئەوپەڕی مەترسیدا بوو، لە ژێر هەڕەشەی ڕم و ئاگری تێرۆریستاندا بوو، بەڵام ئیرادەی ئەو خاتوونە هەرگیز دانەڕما وپاش دەرباز بوون، هەوڵیدا ئازارەکانی خۆی میللەتەکەی بگەیەنێتە زۆرترین مرۆڤ لە جیهاندا، و سەرکەوتووش بوو بە هەوڵ وهیمەتی هەموو مرۆڤدۆستان”.

ئەوەشدەخاتەڕوو كە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لەلایەن نادیە مورادەوە، شانازییە بۆ هەموو گەلی كورد و ئێزدییەكان.

دەقی پەیامەكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

بەبۆنەی بەدەستھێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بۆ ساڵی 2018، بەگەرمی پیرۆزبایی ئاراستەی خاتوو نادیە موراد-ی کچە چالاکوانی ئێزدی دەکەم و ئەو خەڵاتەش جێی شانازی ھەموو گەلی کورد و ئێزدییەکانە.

نادیە موراد، ئەو کچە بوێرە رزگاربووەی دەستی تێرۆریستانی داعشە، کە توانی پەیامی مرۆڤدۆستانەی خۆی و نەھامەتییەکانی ئێزدییەکان بگەیەنێتە ھەموو جیھان. ئێستاش بە بەدەستھێنانی ئەو خەڵاتە، نادیە موراد دەبێتە نوێنەری ئاشتەوایی ھەموو ئەو کوردانەی بەدرێژایی مێژوو ستەمیان لێکراوە، ھاوکات ھاواری قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتیی دەگەیەنێتە گەلانی ئاشتیخوازی جیهان.

رۆژێك لە رۆژان، ژیانی خاتوو نادیە لە ئەوپەڕی مەترسیدا بوو، لە ژێر هەڕەشەی ڕم و ئاگری تێرۆریستاندا بوو، بەڵام ئیرادەی ئەو خاتوونە هەرگیز دانەڕما وپاش دەرباز بوون، هەوڵیدا ئازارەکانی خۆی میللەتەکەی بگەیەنێتە زۆرترین مرۆڤ لە جیهاندا، و سەرکەوتووش بوو بە هەوڵ وهیمەتی هەموو مرۆڤدۆستان.

کاتی هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و رێکخراوە جیهانیەکان دان بە کۆمەڵکوژی تاوانەکانی داعش بنێن، و کوردانی ئێزیدیش بەتەواوەتی بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەوڵی هەموو لایەکە.

لە کۆتاییدا، وێڕای پیرۆزبایی، ئەم بڕیارەی کۆمیتەی نۆبڵ، زۆر دڵخۆشی کردم، کە خەڵاتێکی مەزنی وەها ببەخشێت بە خاتوو نادیە و هەموو خوشک و برا ئێزیدییەکان لەپای ئازار ونەهامەتییەکانیان.