نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت ٨٥ دۆلار و چوار سه‌نته‌



نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێت له‌ دوایین رۆژی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ بازاڕه‌كان به‌ ٨٥ دۆلار و چوار سه‌نت مامەڵەی پێودەکرێت.

شاره‌زایان پێیان وایه‌ سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی نه‌وتی عەمباکراو له‌ ئه‌مریكا و جه‌نگی بازرگانیی له‌گه‌ڵ چین، سزاكانی سه‌ر ئێران كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ستپێبكات، بووه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م دابه‌زینی نرخه‌كان.

نوێنەری ئێران لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، حوسێن کازمپور ئەردەبیلی، ئاشکرایکرد سعوودیە و رووسیا بڕیارەکانی رێکخراوەکەیان لەرێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، پێشێلکردووە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی وزەی ئێران، حوسێن کازمپور ئەردەبیلی هەریەک لە سعوودیەی ئەندامی ئۆپیک و رووسیای نا ئەندام ئۆپیکی بە پێشێلکردنی راگەیەنراوی هاریکاریی رێکخراوەکە بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، تاوانبارکرد.

هاوكات كاربه‌ده‌ستی باڵا له‌ كۆمپانیای نه‌وتی لوكئۆیلی رووسی، ڤاگیت ئه‌لێكپێرۆڤ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران نایانه‌وێت خۆیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و كڕینی نه‌وتیان له‌ ئێران راگرتووه‌.