رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا لەبەردەم ژمارەیەك بەرچاو لەلایەنگیرانی پارتی داد و گەشەپێدان لەخۆرئاوای توركیا بەرنامەی (ئەكەپە)ی لەبارەی ئابوری توركیاوە لە دە ساڵی داهاتوودا خستەڕوو.
بەگوێرەی میدیای توركی، سەرۆك وەزیرانی توركیا تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، نەهێشتنی مەترسیەكان و دابینكردنی ئەمنیەتی ئابوری یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی كە وا دەكات ئابوری توركیا زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.
بەوتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا، حكومەتی ئەنكەر كار دەكات بۆ ئەوەی لە ساڵی 2023دا قەبارەی هەناردەی بۆ 500 ملیار دۆلار بەرزبكاتەوە.
بەوتەی چاودێران، مەبەستی ئەردۆغان لە دابینكردنی ئەمنییەتی ئەوەیە، كێشەكان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان چارەسەر بكرێن و ئابوری توركیا بەهەموو سنورەكاندا بەبێ ترس پەلبهاوێژێت.