لە سلێمانی دەست بەسەر 27 ئامێری بیر هەڵكەندن گیرا

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستی بەسەر 27 ئامێری بیر هەڵكەندن دا گرت كە بە نایاسایی كاریان پێ دەكرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەماوەی 72 سەعاتی ڕابردوودا دەست بەسەر(27) ئامێری بیرهەڵكەندن دا گیراوە كە ئەو ئامێرانە بە نایاسایی بیریان هەڵدەكەند و ڕووبەڕووی سزای یاسا دەبنەوە.

هێمن كمرخان عەمیدی پۆلیس ڕای گەیاندبووە، هەر هاووڵاتییەك سەرپێچی لە ڕێنوێنیەكانمان بكات دەگیرێن و ڕووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتریش چەندان ئامێری نایاسایی بیر هەڵكەندن لە سنووری سلێمانی دەستی بەسەردا گیرابوو، هاوكات دووپات لەوە كرابوویەوە ئەو جۆرە بیرلێدانی ئاو مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی سنوورەكە دروست دەكات.

زۆرترین ئەو ئامێرانەی دەستی بەسەردا دەگیرێ‌ بەپێی زانیارییەكانی “وشە” لە باخ و ڤێلاكانی سیتەك و ناوچەكانی تری ئەو سنوورەن.