لە 40٪ی دانیشتووانی کوردستان تەمەنیان له‌نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایه‌ و هێزی کار پێکدەهێنن

بەپێی بەشێک لە ئامارێکی دەستەی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 40٪ی دانیشتووانیهەرێمی کوردستان،  تەمەنیان له‌نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایه‌ و  بەشێک لە هێزی کار پێکدەهێنن، بەڵام جیاوازیی گەورەی رەگەزی لە هێزی کاردا بەدی دەکرێ. بەپێی راپۆرتەکە تەنیا 15٪ی ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی کار، لەناو هێزی کاری کوردستاندان.

ئەم رێژەیە بۆ پیاوان 70٪یە. نزیکەی نیوەی هێزی کاری کوردستان لە کەرتی گشتیدان، 11٪ لە کەرتی تایبەتدان، 35٪یان کاری ئازاد دەکەن، کە 17٪یان خاوەنی کاری خۆیانن، 18%یان بە هەقدەستی رۆژانە کار دەکەن.


بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئامار، کە بە هاوکاریی دوو رێکخراوی بیانی ئەنجام دراوە، دەردەکەوێت هێزی کاری ئافرەتان لە کەرتی تایبەتی کوردستاندا پێگەیەکی لاوازیان هەیە، 75٪یان لە کەرتی حکوومی کار دەکەن و 25%یان لە کەرتی تایبەتدان، بەڵام وەک لە ژمارەکانی رووپێوەکەدا دەردەکەوێ، پیاوان هەلی کاری جۆراوجۆریان زیاترە. 
44٪ی هێزی کاری پیاوان لە کەرتی گشتی و 12٪ لە کەرتی تایبەتدان، خاوەنکار: 4٪ و دامەزراو: 8٪، 21٪ی هێزی کاری پیاوان خاوەنی کاری خۆیانن و 21٪یش بە مووچە یان هەقدەستی رۆژانە کار دەکەن.


بەپێی راپۆرتەکە، رەگەز و تەمەن دوو هۆکاری سەرەکیی کارنەکردنن، دەرکەوتووە کە 78% بۆ 93٪ی ئافرەتانی تەمەن 25 بۆ 64 ساڵ خەریکی ماڵدارین. لەکاتێکدا بێکاریی رەگەزی نێرینە زیاتر لە تەمەنی خوار 25 ساڵدا، کە دەکرێ هێشتا خەریکی خوێندن بن، چڕ بووەتەوە. هەرچەند 65٪ی گەنجە بێکارەکانی رەگەزی نێرینە (واتە لە تەمەنی 34 بۆ 35) هیوای دۆزینەوەی کاریان لەدەستداوە.


دەستەی ئامار ئاشکرای کردووە 36%ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان داهاتی مانگەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە (ئەم گرووپە لە سلێمانی زیاترن: 40٪ی دانیشتووانی پارێزگاکەن)، 51٪ی خێزانەکانیش مانگانە نیو ملیۆن بۆ 1 ملیۆن دینار داهاتیانە (لە پارێزگای دهۆک زیاترین رێژەیان هەیە: 56٪)ە. 13٪ش لە مانگێکدا زیاتر لە 1 ملیۆن دیناریان دەست دەکەوێ (ئەم گرووپە لە هەولێر زیاترن لە 16٪). راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە 70٪ی ئەو خێزانانەی کە یەک ئەندامیان لە کەرتی گشتیدا کار دەکات، داهاتی مانگانەیان لە 1 ملیۆن بۆ سەرەوەیە.

راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دوو لەسەر سێی خێزانەکان لەسەر مووچەی کەرتی گشتین، کە 47٪یان فەرمانبەر و 18٪شیان خانەنشینن. نزیک 30٪ی خێزانەکان ئەندامیان هەیە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، کە 12٪یان فەرمانبەرن و 16٪یان خاوەن بزنسن. کشتوکاڵ سەرچاوەی داهاتی تەنیا 6٪ی خێزانەکانی کوردستانە، لەکاتێکدا 25٪ی دانیشتووان بە کاری رۆژانە دەژین (واتە هەقدەستی رۆژانە 21٪ لەبەرامبەر بازرگانیی نافەرمی 3٪).

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری دەستی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئامارەکەی  پشتڕاست کردەوە و رای گەیاند، لە رووپێوییەکەیاندا بۆیان دەرکەوتووە، هێزی کار لەنێو ئافرەتاندا پێگەیەکی باشی نییە، وتی: “زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کار دەکەن ئەوە فەرمانبەر و دەوامیان هەیە، بەڵام رێژەیەکی کەمتر لە کەرتی تایبەت کار دەکەن”.

پێی وایە قەیرانی دارایی هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ پیاوان و ئافرەتان، وتیشی: “لەنێوان ساڵانی 2014 و 2015 زیاتر لە 45 هەزار هەلی کارمان لە کەرتی تایبەت لەدەست چووە، بێ گومان ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ ئافرەتان زۆر کەمتر کردووەتەوە”.