د. به‌رهه‌م به‌سه‌رۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا


دوای چه‌ندینجار له‌ ته‌واو نه‌بوونی نیسابی یاسایی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، سه‌رئه‌نجام ئه‌مشه‌و (2/10/2018) ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دانیشتنێكدا د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژارد.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ (302) په‌رله‌مانتار ئاماده‌یبوون، پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عیراق یه‌كلاكرایه‌وه‌ كه‌ (24) كه‌س خۆیان بۆ وه‌رگرتنی كاندید كردبوو.
له‌ میانی خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا كه‌ به‌ ده‌نگدانی نهێنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو 302 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان تێدا داو  د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كودستان ده‌نگی (165) په‌رله‌مانتاری به‌ده‌ستهێنا و د. فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش (89) ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا.

دوای به‌دوای ئه‌وه‌ پارتی كاندیده‌كه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كشانده‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان داواكاری كشانه‌وه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئیمزای خودی كاندیده‌كه‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار درێژه‌ی پێ دراو سه‌رئه‌نجام كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ 219 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژێردرا.

پێشتر فراكسیۆنه‌ شیعه‌و سوننه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوایان له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كرد به‌یه‌ك كاندید به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن، به‌ڵام دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی، نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به‌ پێشكه‌شكردنی یه‌ك كاندیدو له‌كێبڕكێیه‌كی دیموكراتیدا له‌هۆڵی په‌رله‌مان كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی ( د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ستهێناو بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق.