بەرپرسێكی بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای دەكات، بڕیارە بەغدا لە رێگەی بانكە ئەهلییەكان، قەرزی بچووك بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بدات.
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، بۆ پێدانی قەرز و پێشینە بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بڕیارە ئاسانكاری بكرێت، وتی: “ئەگەری ئەوە هەیە قەرزی بچووك لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراق بدرێـتە بانكە ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ چۆنیەتیی پێدانی قەرزەكەش دواتر بڕیار و رێنمایی دەردەكرێت”.
بانكی ناوەندی بۆ پارێزگاكانی عێراق، بۆ قەرزی بچووك یەک ملیۆن تاوەكوو 100 ملیۆن دینار دەداتە ئەو كەسانەی پڕۆژەی بچووك ئەنجام دەدەن.
عابد روونی كردەوە، بڕیارە پێشینەی هاوسەرگیری و هەندێك پێشینەی تر كە لە بەغدا دەدرێت، لە هەرێمی كوردستانیش بدرێت، وتیشی: “هەندێك قەرز هەیە بە مەرجی تایبەت دەدرێت و راستەوخۆ نادرێت، بۆ ئەوەش بڕیارە خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و لێی سوودمەند بن”.
ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی پێی وایە، دەرفەتی باش هاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی ئەو قەرزانەی لە پارێزگاكانی تری عێراق دەدرێن، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بدرێن، وتیشی: “ئێستا مامەڵەی بانكیی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر بەرەو پێش چووە، ئومێدی زۆر هەیە ئەو قەرزانەی لە بەغدا دەدرێن كوردستانیش بگرێتەوە”.
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە راگەیاند، پێشتر چەند جارێك هەوڵیان داوە كە بانكەكانی رەشید و رافیدەین لقیان لە هەولێر و سلێمانی هەبێت، تاوەكوو هاووڵاتییانی هەرێم لەو پێشینانە سوودمەند بن، کە بە هاووڵاتییانی پارێزگاكانی خوارووی عێراقی دەدەن، وتی: “ئەو دوو بانكە ماددەكانی دەستوورییان بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێل كردووە، بۆیە دەبێ ئەو پێشێلكارییە كۆتایی بێت”.
ئاماژەی بەوەش كرد: “هیچ هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ئێستا ناتوانێت لەو پێشینانە سوودمەند بێت و پێویستە حكوومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە خولی داهاتوو هەموو هەوڵێك بدەن، تا ئەو بانكانە لقیان لە هەرێمی كوردستان هەبێ”.
پێشووتر ئەیسەر جەبار، وتەبێژی بانكی ناوەندیی عێراق راگەیاندبوو: ”لەداهاتوویەكی نزیكدا دەست دەكەن بە پێشكەشكردنی چەند جۆرە خزمەتگوزارییەكی بانكی بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە قەرزە جۆراوجۆرەكان”.
ئاشكراشی كرد، بڕێک پارە بە قەرز بەو كەسانە دەدەین، كە پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی و گەورەیان هەیە، ئەو پارەیەش لە رێگای بانكە ئەهلییەكان دەدرێت.
لە ساڵی 2017دا بانكی ناوەندی 6 ترلیۆن دیناری بۆ پێدانی قەرز تەرخان كرد، 5 ترلیۆنی لە رێگەی بانكه ئەهلییەكان بۆ كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خانووبەرە تەرخان كردووە و بڕی 1 ترلیۆنیشی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بچووك و گەورە دایە بانكە حكوومییەكان، ئەمساڵ لەو پلانەدا هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.