باج لەسەر شوتی و تەماتەی هاوردە هەڵدەگیرێت


ەبڕیارێكی نوێی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بەوەكالەت، لە ئەمڕۆ هەینی 28ی ئەیلولەوە، رەسمی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمەكانی (شوتی و تەماتە) لەخاڵە سنوورییەكانی هەرێم هەڵدەگیرێت. 

بەپێی بڕیارێكی رێباز محەمەد حەملان، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەێم بەوەكالەت، كە وێنەیەكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم كراوە تاوەكو لەوێشەوە ئاڕاستەی سەرجەم خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكان بكرێت،  تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، دوابەدوای نووسراوی ژمارە (1448) لەرێكەوتی 29/3/2018، تایبەت بەدانانی باج لەسەر بەهەمی سەوزە و میوە و بەروبومی ئاژەڵی هاوردە، بەڵام دوای بەدواداچوونمان بۆ بازاڕ و عەلوەكانی هەرێمی كوردستان، بۆمان دەركەوت كە بەرهەمی ناوخۆیی (تەماتە و شوتی ) بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە. 

هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە: بۆیە بڕیارماندا رەسمی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی (شوتی و تەماتە)ی هاوردە هەڵبگرێت و بڕیارەكەش لەئەمڕۆوە هەینی 28/9/2018 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.