بەپێی داتا فەرمییەكان ئێستە ئابووری توركیا بە خراپترین دۆخیدا تێپەڕ دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا بە رێژەیەكی لێژی دەگاتە 15.4%، ئەوەیش مەترسی سستبوونێكی سەختی ئابووری ئەو وڵاتە لە ناو تەنگژەیەكی راستەقینەی دراو دروست دەكات.
وەك ئاماژەیەكی تر بۆ خراپیی دۆخی ئابووری توركیا، گەورە كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە توركیا تۆفاش رایگەیاند كە لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو بۆ ماوەی نۆ رۆژ لە بەرهەمهێنان لە كارگەكەی لە باكوری رۆژئاوای ئەو ڵاتە دەوەستێت، ئەوەیش بەهۆی سستبوونی بازاڕی ناوخۆیی كە وای كرد پشكەكانی كۆمپانیاكە بەرێژەی 5% دابەزێت.
بەپێی داتاكانی پەیمانگای ئاماری توركیا لە ماوەی ئەم مانگەدا پێوەری متمانەی ئابووری بۆ 71 خاڵ دابەزیوە بە بەراورد بە مانگی پێشوو كە 83.9 خاڵ بووە و ئەوەیش توندترین دابەزینە لە كۆتایی 2008ەوە. لەو كاتەی پێوەرەكە ئاماژە بۆ گەشبینی دەكات ئەگەر خاڵەكان لە سەرووی 100ەوە بن و لە ژێرەوەیشی ئاماژە بۆ رەشبینی دەكات.
هەفتەی رابردوو توركیا پێشبینی بۆ گەشەسەندنی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووی كەم كردەوە، بەڵام نەیتوانی دڵنیایی بداتە وەبەرهێنەران لەبارەی توندی ئابوورییەكەی و بوونی پلانێكی گشتی بۆ پاڵپشتی بانكی، لەو كاتەی بەهای لیرەی توركیا لە ماوەی ئەمساڵ 40% دابەزی بەهۆی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و سیاسەتی دارایی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.