عەبدولكەریم لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لەكۆنگرەیەكدا لەبەسرەی باشوری عێراق بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لەعێراق، پلانێكی نوێی حكومەتی بەغدای لە بواری نەوتدا خستەڕوو.
بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق، حكومەتەكەی بەنیازە هەناردەی نەوتی عێراق لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بەرزبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، حكومەتی بەغدا پلانی داناوە بەتێچوونی 175 ملیار دۆلار، وەبەرهێنان لەبواری نەوتدا بكات.
وتی: حكومەتی بەغدا لە رێگەی گرێبەستە نەوتییەكانیەوە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا توانیویەتی پێشكەوتنی بەرچاو لەهەناردەكردنی نەوتدا بەخۆیەوە ببینێت، بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان هەنگاو، تا هەناردەی نەوت بۆ نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بەرزدەكاتەوە.
لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق لەكاتێكدایە، چاودێرانی ئابوری عێراق پێیانوایە، تا ئابوری عێراق لە ئاڵۆزییە ئەمنیی و سیاسیەكان نەپارێزرێت، ناتوانرێت پێشبخرێت.