سلێمانی.. ئامادەكاری بۆ رۆژی دەنگدان تەواو بووە

جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، دیار نەسرەددین لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت رایگەیاند “وەك فەرمانگەی سلێمانی سەرجەم ئامادەكارییەكانمان كردووە و تەنها رێكخستنی هەندێك كۆگا ماوە، بۆ سبەی دەنگدانی تایبەتی ئەنجام دەدرێت و یەكشەممەی داهاتووش دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت”.

دیار نەسرەددین, جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا وتی: “بۆ دەنگدانی تایبەت كە سبەی هەینی بەڕێوەدەچێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 37 بنكەی دەنگدان كە 173 وێستگە لە خۆدەگرن ئامادەكراوە و 62 هەزار و 220 كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە”.

جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد بەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە بەشداری پڕۆسەكە دەكەن.

بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم و بە هۆی وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكی كۆمیسیۆن بۆ ناردنی ناوی ئەو كەسانەی لە نەخۆشخانە و گرتووخانەكان دەنگدان دەیانگرێتەوە، دەنگدانی مەرجدار هەڵوەشێندراوەتەوە و نەخۆش و گیراوەكان لە مافی دەنگدان بێبەش دەكرێن و سبەی مافی دەنگدانیان نییە.

رۆژی یەكشەممە 30ی ئەیلوول دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، دیار نەسرەددین گوتیشی: “بۆ دەنگدانی گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەرەتا 84 بنكەی لاوەكیمان كردەوە، پاشان 476 بنكەی دەنگدانمان كردەوە كە دوو هەزار و 306 وێستگە لەخۆدەگرن، یەك ملیۆن و 134 هەزار و 760 كەس مافی دەنگدانیان هەیە”.