بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاشكرایكرد، هەرچەندە بڕیاربوو مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ پرۆژەی دروستكردنی كارگەی ریسایكلین بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی خۆڵو خاشاك لەسلێمانی دەستبەجێبەجێكردنی بكرێت، بەڵام دەستپێكردنی پرۆژەكەیان دواخستووە.
رزگار ئەحمەد بە نها24ی راگەیاندوە، بەهۆی پێشكەشكردنی داواكاریی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی كارگەی ریسایكلین لەسنووری تانجەرۆی باشووری شاری سلێمانی، پرۆژەكە لەمانگی یەكەمی ئەمساڵدا دواخراوە.
رزگار ئەحمەد ئەوەشی ئاشكراكرد، (22) كۆمپانیای بیانی بۆ دروستكردنی كارگەكە داوایان پێشكەشكرد، بەڵام لەئێستادا چوار كۆمپانیای وڵاتانی (مالیزیا، سوید، ئەڵمانیاو فەڕەنسا) لەكێبڕێدانو بڕیاردراوە پەلە نەكرێت لەپرۆژەكەدا، بۆ ئەوەی كارگەكە زیاتر سەركەوتوو بێتو ژینگەی سلێمانیو ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت، ببێتە دۆستی ژینگە.
بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك لەو كۆمپانیایانە غاز بەرهەمدەهێننو هەندێكیان كارەبای (500 بۆ 600) ماڵ بەرهەمدەهێنن، یاخود پەینی كیمیایی بەرهەمدەهێننو دەدرێتەوە بەوەزارەتی كشتوكاڵ.
بەوتەی رزگار ئەحمەد، رۆژانە (1000) تۆن خۆڵو خاشاك لەشاری سلێمانی لەلایەن هەرسێ كۆمپانیای پاككەرەوە فڕێدەدرێتو لەرۆژانی بۆنەكاندا دەبێتە (1250) تۆن خۆڵو خاشاك.