گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی ئاشه‌بای ده‌ریایی ده‌توانێت كاره‌با بۆ 600 هه‌زار ماڵ دابین بكات


له‌ئینگلته‌را گه‌وره‌ترین كێلگه‌ی وزه‌بای ده‌ریایی كرایه‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌توانێت بڕێكی باشی وزه‌ی كاره‌بای هاوڕێ ژینگه‌ بۆ هه‌زاران ماڵ دابین بكات.

ئه‌و كێڵگه‌یه‌ له‌نزیك كه‌ناری باكوری خۆرئاوای ئینگلته‌رایه‌، كه‌ 86 تۆربین له‌ خۆی ده‌گرێت و ده‌توانێت وزه‌ی كاره‌بای پاك كه‌ به‌ ( وزه‌ی خاوێن یان وزه‌ی سه‌وز)یش ده‌ناسرێت بۆ نزیكه‌ی 600 هه‌زار ماڵی ناوچه‌كه‌ دابین بكات .

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن گروپی كۆمپانیای (Orsted)ی دانیماركییه‌وه‌ جێ به‌جێكراوه‌ و له‌ نزیك كه‌ناری (كینت) له‌ سه‌ر ئاوڕێژگه‌ی ڕوباری تایمز، درێژیی هه‌ر تۆربینێك نزیكه‌ی 190 مه‌تره‌ وفراوانیی كێلگه‌كه‌ 145 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی 20 هه‌زار یاریگای تۆپی پێ ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌و كێڵگه‌یه‌دا كه‌ توانای به‌ رهه‌مهێنانی وزه‌ی به‌ بڕی (695)میگاوات هه‌یه‌، زیاتر له‌ 300 كیلۆمه‌تر وایه‌ر به‌كارهێنراوه‌ بۆ گه‌یاندنی تۆربینه‌ ده‌ریاییه‌كان به‌ تۆڕی نیشتمانیی وشكانیه‌وه‌.

پرۆژه‌كه‌ له‌ ساڵی 2015 دا ده‌ستیپێكردووه‌ و چفره‌ی تۆربینه‌كانیش له‌ به‌ریتانیا دروستكراوه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 250 هه‌لی كار به‌خشراوه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی پسپۆڕن له‌ كاری دیزاین و دروستكردنی ئاشه‌ بایه‌ ده‌ریاییه‌كان.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ بایه‌كان، به‌ریتانیا گه‌وره‌ترین بازاڕی وزه‌ی بای ده‌ریاییه‌ له‌ جیهاندا، به‌وه‌ی كه‌ (36%)ی ئاشه‌بای ده‌ریایی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا.