وڵاتانی لایه‌نی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ئاماژه‌یان به‌وه كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران میكانیزمێكی نوێ پێكده‌هێنن كه كه‌ناڵی تایبه‌ت له خۆده‌گرێت بۆ پێدانی پاره.
له چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌کانی کۆمەڵەی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا كه له نیویۆرك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی لایه‌نی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، رووسیا، به‌ریتانیا و ئێران به سه‌رۆكایه‌تی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی كۆبوونه‌وه.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه فێدێریکا مۆگێرینی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شی خوێنده‌وه كه سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان په‌سه‌ندیان كردبوو.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه به‌شداربوان پێداگرن له‌سه‌ر درێژه‌دان به جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به شێوه‌یه‌كی “ته‌واو و كاریگه‌ر”، هه‌روه‌ها تیایدا باس له‌وه كراوه كه لایه‌نه‌كان له دوای بڕیاری تاك لایه‌نه‌ی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه له رێككه‌وتنه‌كه و دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا به‌سه‌ر ئێران‌دا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی “چاره‌سه‌ری پراكتیكی”.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو كه به‌شداربوان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران به‌رپرسیارێتیه‌كانی په‌یوه‌ست به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌جێگه‌یاندووه، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر ئێران بڕگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه.
هاوكات له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه به‌شداربوان به مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ بازرگانی گشتیی له‌گه‌ڵ ئێران به بازرگانی غازی سروشتیشه‌وه رێككه‌وتوون له‌باره‌ی بنیاتنانی میكانیزمێكی نوێ كه كه‌ناڵی تایبه‌ت له خۆده‌گرێت بۆ پێدانی پاره.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و میكانیزمه متمانه ده‌گێرێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌كته‌ره ئابوورییانه‌ی بازرگانی ره‌وا له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌رده‌وامده‌بن له‌سه‌ر هاریكاری.