“گەمارۆی ئاسمانی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بەردەوام دەبێت”

بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روونكردنە‌وەیەكی لە بارەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و فڕۆكەخانەكە بڵاوكردۆتەوە و تیایدا بەردەوامی راگیرانی گەشتەكانی توركیا و فڕۆكەخانەی سلێمانی راگەیاندووە.

لە روونكردنەوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا هاتووە “بەپێی ئەو پەیامەی كە لە سیستمەكانی فڕۆكەوانییەوە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، گەمارۆی ئاسمانی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەردەوامی هەیە”.

لە روونكردنەوەكەدا هیچ زانیارییەكی تر لەسەر ئەو پرسە روون نەكراوەتەوە.

لە رۆژی 29ی ئەیلوولی رابردوو، دوای چوار رۆژ لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم، حكوومەتی ناوەندی عێراق وەك كاردانەوەیەك ئاسمانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی داخست.

دوای چەند مانگێك لە هەڵگرتنی ئەو سزایانە، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، بیناڵی یڵدرم رایگەیاند، گەشتەكانی توركیا و ئاسمانی وڵاتەكەی تەنها بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەگرێتەوە و سلێمانی ناگرێتەوە.