بازرگانان‌ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبونەوە

بەدەستپێشخەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، بازرگانان‌و پیشەسازان‌و وەبەرھێنەران لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم کۆبونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا وتەیەکی پێشکەشکردو وتی “بە ناوی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە بەخێرهاتنتان دەكەین، خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین لێرەدا هەموان پێكەوە كۆبووینەتەوە لە خزمەتی بەڕێز كاك قوباد تاڵەبانیدا بۆ خستنەڕوو چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی لە تێكڕای سێكتەرەكانی ئابووری لە سنورەكەماندا بێ چارەسەری ماونەتەوە، لێرەشەوە دەمەوێت ڕۆڵی بازرگانان‌و پیشەسازانی شارەكەمان بەرز بنرخێنین كە پاڵپشت و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون لە سەردەمی شۆرشو ئێستادا. بارزرگانان شوێن دەستیان دیارە لە بنیاتنان‌و دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەم شارەدا وەك نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت، هۆڵی پرسە‌و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ترو  بەردەوامن لەكۆمەك بەخشین بەنەخۆشخانەی هیوا”.

وتیشی “بازرگانان و پیشەسازکارانمان هاوكاری حكومەت بوون لەو ساتە هەستیارو ناخۆشانەی گەلەكەمانی پێدا تێپەڕیوە هەر لەسەردەمی بەعسی فاشست تا شەڕی نەخوازراوی داعش، بەردەوام بوون لە پشتگیری حكومەت بەپێشكەش كردنی كۆمەك بۆ ئاوارەو بریندرو كەسوكاری شەهیدان‌و هێزەكانی پێشمەرگە”.

ئاماژەی بەوەشدا لەم کۆبونەوەیەدا داواكاریەکانمان دەخەینە بەردەستی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت‌و هیواداریشین بیكەنە ئەولەویەتی كاری كابینەكەیان لە حكومەتی ئایندەی كوردستاندا. 

پاشان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند “ئێمە دەزانین بازرگانان بەردەوام لەھەمو کاتەکاندا ھاوکاری حکومەت‌و ھێزەکانی پێشمەرگە بوون‌و توانیویانە لەقەیرانەکان‌و لەڕوداوەکاندا ھاوکارمانبن‌و دەستخۆشی‌و سوپاسیان دەکەین”.

ڕاشیگەیاند “ئێمە دەبێت تەنھا پشت بەسێکتەری نەوت نەبەستین چونکە لەکوردستان زۆر شتی ترمان ھەیە کە دەتوانین بەرھەمی بھێنین‌و داھاتی پێ زیاد بکەین کە توانای زۆر لەوڵاتەکەماندا ھەیە بەتایبەت لەکەرتەکانی کشتوکاڵی‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزار”.

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە “ڕۆژانە ڕوبەڕوی سێ شت دەبمەوە زۆر پێی بێتاقەت دەبم ئەویش گەندەڵی ، تەمەڵی، بەغیلی، کە ئەم سێ شتە بۆتە ھۆکارێک لەناو سێکتەرە جیاوازەکاندا سەرکەوتن لاواز بکات”.

ئەوەشی ڕونکردەوە “کەرتی تایبەت ھۆکارێکی گەورەیە بۆ بەرەو پێشبردنی کاروباری وڵات ھەربۆیە ئێمە پشتیوانتان دەبین لەسەرخستنی کارەکانتاندا کەرتی تایبەت دەتوانێت دەرفەتی زیاتری کارکردن بۆ بێکاران بڕەخسێنن ھەربۆیە ئێمە پشتیوانی تەواوتان دەبین لەبەرەوپێشچونی کەرتی تایبەت”.

لەکۆبونەوەکەشدا بازرگانان‌و پیشەسازان‌و وەبەرھێنەران‌و بەڵێندەران داواکاریەکانی خۆیان گەیاندە جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانیان.