كۆمپانیاىی غازپرۆم له‌بری دۆلار مامه‌ڵه‌ به‌ ئاڵتون ده‌کات

كۆمپانیاى غازپرۆمى روسى ئاشكراى كرد، كه‌ سه‌رقاڵى دانانى میكانیزمێكى نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی، جگه‌ له‌ دۆلار به‌ دراوى دیكه‌ى بیانییه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و نرخى غازیش ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ئاڵتون. 

ئه‌رتیوم ئه‌كسینیف، به‌ڕێوه‌به‌رى گرێبه‌سته‌كان له‌ كۆمپانیا “گازپرۆم” له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: “چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ژماركردنى مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانمان به‌دراوى نیشتمانیى و چه‌ند دراوێكى دیكه‌ى بیانى و هه‌ندێك مامەڵەش به‌ ئاڵتون”. 

رونیشیكرده‌وه‌، ئاڵتون وه‌ك ئامرازێك نێوه‌نگیر بۆ دیاریكردنى نرخى نێوان دوو دراو، به‌هۆى ئه‌و میكانیزمه‌ش كڕیار له‌ توانایدا ده‌بێت به‌دراوى نیشتمانیى وڵاته‌كه‌ى پاره‌ى ئه‌وه‌ى كڕیویه‌تى بدات، غازپرۆمیش رۆبڵ وه‌ربگرێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى فرۆشتویه‌تى. 

به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكا، له‌سه‌ر مۆسكۆ، كۆمپانیا روسییه‌كان به‌ دواى جێگره‌ى دۆلاره‌وه‌ن بۆ پاكتاوى مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى پشتبه‌ستن به‌ دۆلار كه‌م بكه‌نه‌وه‌. 

به‌ پێى ئاماره‌كانیش ساڵى 2017 كۆمپانیاى “گازپرۆم” 192.2 ملیار غازى هه‌نارده‌ كردوه‌، له‌كاتێكدا ساڵى 2016 بڕى 178.3 ملیار مه‌تر سێجاى هه‌نارده‌كردوه‌.