لەسەدا ٧٥ی باخە زەیتوونەکانی عەفرین لەلایەن چەکدارانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە


روانگەی سووری بۆ  مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەستیان بەسەر لەسەدا ٧٥ی باخی زەیتوونی عەفریندا گرتووە.

 ڕوانگەی سووری ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی کوردی عەفرین ئاوارەبوون، هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵک و کێڵگەکاندا گرتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، هاوڵاتیانی عەفرین گلەیی ئەوەیان کردووە، چەکدارانی نزیک لە تورکیا ڕێگەیان پێنادەن لە کێڵگەکانیاندا کار بکەن.

ڕوانگەی سووری ئاشکراشی کردووە، هێزێکی چەکداری نزیک لە تورکیا کە خۆیان ناو ناوە “سوپای نیشتمانی” فەرمانێکی دەرکردووە ئەو موڵک و ماڵانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بەڕێوەبردنیان بخرێتە ئەستۆی ئەنجومەنی ناوخۆیی عەفرین کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە بەڕێوە دەبرێت.

ڕوانگەی سووری هەر سەبارەت بە دۆخی ئێستای کانتۆنی عەفرین نوسیویەتی، دەستگیر کردن و ئەشکەنجەدان و پێشێل کردنی مافی هاوڵاتیان لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیاوە بەردەوامی هەیە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی یەپەگە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە عەفرین و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی زیادییان کردووە و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان گەیشتووەتە هەزار و ٥٧٧ سەرباز و چەکدار.