نرخى مریشكى زیندوو له بازاڕه‌كاندا به‌رزبووه‌ته‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگان‌یش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ”به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێڵگه‌كان جوجكیان داغڵ كردووه بۆیه ئێسته مریشك له بازاڕه‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه”.
یاسین محه‌مه‌د، مریشك فرۆش له سلێمانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى ڕاگه‌یاند، پێش هه‌فته‌یه‌ك بۆ ده ڕۆژ نرخى یه‌ك كیلۆ مریشك به هه‌زار و 500 دینار بوو، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێكه نرخى مریشك به‌رزبووه‌ته‌وه و ئێسته بۆ یه‌ك كیلۆ مریشكى زیندوو دوو هه‌زار و 400 بۆ 500 دیناره.
سۆران غه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى سلێمانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ى ئه‌یلوول، ڕاگه‌یاندوە، پێش هاتنى وه‌رزى گه‌رما به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌ریه‌كان سه‌رجه‌میان جوجك داغڵ ده‌كه‌ن و هه‌مووشیان پێكه‌وه به‌رهه‌مه‌كه ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه، بۆیه له كاتى گه‌رمادا مریشك نرخى داده‌به‌زێت به‌هۆى زۆرى به‌رهه‌م.
به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى سلێمانى وتیشی ”كاتێك به‌رهه‌مه‌كه‌یان به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌ڕوات و جارێكى تر جوجك داغڵ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه وا ده‌كات به‌رهه‌مى مریشكى زیندوو كه‌مبێته‌وه و نرخه‌كه‌شى به‌رزبێته‌وه، بۆیه ئێسته نرخى مریشك كه‌مێك جوڵه‌ى كردووه، به‌ڵام نه‌گه‌شتووه‌ته ئه‌وه‌ى زۆر به‌رزتر بێته‌وه”.
ئاماژەی بەوەش کرد، كاتێك نرخى مریشك له ناوخۆ زۆر به‌رزنه‌بێت، مریشك ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌كانى عێراق ده‌كرێت و ئێسته‌یش ده‌ڕوات، هه‌ركات زۆر به‌رزبووه‌وه هه‌نارده‌ى عێراق ده‌وه‌ستینین، به‌ڵام ڕێگه ناده‌ین یه‌ك كیلۆ مریشك له ناوخۆ بۆ سه‌ر و 3 هه‌زار و 500 دینار به‌رزبێته‌وه.