لەسەر شەقامی سالم و بەردەم باخی گشتی سلێمانی، گرووپی کچانی کوردستان چالاکییەکی تایبەتیان ئەنجامدا بە بەخشینەوەی گوڵی سپی بەسەر ئەو کەسانەی لەو شەقامەوە تێپەڕ دەبوون.
سەرپەرشتیاری گرووپەکە، شنیار حەسەن لەو بارەیەوە راگەیاند، ئامانج لەو چالاکییە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئارامی و دوورکەوتنەوەی ھاووڵاتیانە لە ماندوێتی قەیرانەکان و بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ئێستادا لایەنەکان سەرقاڵن پێیەوە.
ئەو باسی لەوەش کرد، گرووپەکەیان کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئارامی و پشتیوانی کردنی کارەکانی کچان و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆیان، ئەم چالاکییەش یەکەم چالاکی گرووپەکەیە کە ئەنجامی دەدات.