کۆمپانیای ئامازۆنی ئەمریکی دەستیکردوە بە چالاکییەکانی لە تورکیا

کۆمپانیای بازرگانیی ئۆنڵاینی ئەمریکی، ئامازۆن دەستیکرد بە چالاکییەکانی لە تورکیا .

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن کۆمپانیاکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە بەکاربەران لە تورکیا دەتوانن لەمڕۆوە لە ماڵپەڕی “Amazon.com.tr” ئۆردەرەکانیان ئەنجامبدەن. لە ماڵپەرەکەدا ١٥ بەشی جۆراوجۆر هەیە کە بەرهەمی زیاتر لە هەزار شوێنکار و کارگەی تورکیاش لە خۆدەگرێت.

بەڕێوەبەری ئامازۆن لە تورکیا، سام نیکۆڵس کە لە راگەیەندراوەکەدا وتەکانی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە Amazon.com ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و رایگەیاندووە “ئەمڕۆ لەگەڵ زیاتر لە هەزار فرۆشیاری لۆکاڵیی لە جۆش و خرۆشی فرۆشتنی بەرهەمەکانداین بە کڕیارەکانمان لە تورکیا. لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا لە رێگەی زیادکردنی تۆڕی بەرهەمەکان و بژاردەی گەیاندنەکانەوە، پەرە بە چالاکییەکانمان دەدەین لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە کڕیارانمان. لەو چوارچێوەیەشدا ئامانجمان ئەوەیە متمانەی کڕیارانمان لە تورکیا بەدەستبهێنێن”.