بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی ئابڵوقە ئابوریەکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران شاندێکی کونسوڵیەتی ئەمریکا سەردانی ژووری بازرگانیو پێشەسازی سلێمانی دەکەن.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیو یاسین ڕەحیم فەرەج و نەوزاد غەفور و جێگرانی سەرۆکی ژوور پێشووزیانکرد لە شاندی ئابوری کنسوڵیەتی ئەمریکا لە ھەولێر.
لەکۆبونەوەکەدا چەیس لۆبۆک ڕاوێژکاری ئابوریو بازرگانی لە کونسوڵیەتی ئەمریکا ڕایگەیاند: لەئێستادا ئێمە ئابوڵقەکانمان لەسەر کۆماری ئێران بەردەوامە کە بە دووبەش ئابڵوقەکانی سەر ئێران جێبەجێ دەکرێت، یەکەمیان لەمانگی ھەشتەوە دەستیپێکردووە و ئەیتریان لەمانگی یانزە دەستپێدەکات کەئەوەیان زۆر شتی دیکە دەگرێتەوە و ئابڵوقەکە قورستر دەبێت.
ڕاشیگەیاند: لەم ئابڵوقەیەدا دەمەنەوێت زیانەکانی بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان کەمبێت ھەموو ھەوڵێکمان ئەوەیە کە بازرگانان بتوانن بەشێوەیەکی بێ زیان لێکەوتن کارەکانیان بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا ھەموو بازرگانان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەمریکا ناوی ئەو لایەن و کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە مامەڵەی بازرگانیان نابێت لەگەڵدا بکرێت.
لای خۆشیەوە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: شاری سلێمانی سنورێکی فراوانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە بەو ھۆیەشەوە بۆتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی ھەربۆیە ئابڵوقەکانی ئەمریکاش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر شاری سلێمانی.
ڕاشیگەیاند: پێویستە ئەمریکا ھاوکاری بازرگانانی سلێمانی بێت کە زیانی گەورەیان بەر نەکەوێت بەتایبەت لەکاتی ھێنانی کاڵاکان بەڕێگەی ترانزێت لەبەندەرەکانی ئێرانەوە کە تەنھا دەروازەیە بازرگانانی سلێمانی کاری لێوەدەکەن.