نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ بۆ سێیه‌مین رۆژ  له‌سه‌ریه‌ك نرخی نه‌وتی خاو به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی نه‌وتی عه‌مباركراوی ئه‌مریكی و ئاماژه‌كانی ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ئۆپیك به‌رهه‌مهێنانی خۆی زیاتر نه‌كات.

به‌پێی رۆیته‌رز، سپێده‌ی ئه‌مڕۆ نه‌وتی خاوی برنت 20 سه‌نت به‌رزبووه‌وه‌ و به‌رمیلێكی به‌ 79 دۆلار و 60 سه‌نت فرۆشرا.

هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی رۆژئاوای ته‌كساس، 55 سه‌نت به‌رزبووه‌وه‌ و به‌رمیلێكی به‌ 71 دۆلار و 67 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا دوو به‌رزبووه‌وه‌. 

هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كانی نه‌وتی خاو بریتییه‌ له‌وه‌ی نه‌وتی خاوی عه‌مباركراوی ئه‌مریكی بۆ پێنجه‌مین هه‌فته‌یه‌ له‌سه‌ریه‌ك داده‌به‌زێت، و هه‌تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ نزمترین ئاستی له‌ماوه‌ی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا.

هه‌روه‌ها ڕه‌نگه‌ رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك) به‌رهه‌مهێنانی خۆی زیاترنه‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكورتییه‌ی به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه‌ به‌سه‌ر ئێراندا له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا دروستبووه‌.