رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاستى كورتهێنانی بودجه‌ و رێژه‌ى بێكاری لەتورکیا ئاشكرا ده‌كات

به‌پێى زانیاریی ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى توركیا، كورتهێنانى بودجه‌ى توركیا گه‌یشتووه‌ته‌ پێنج ملیار و 800 ملیۆن لیره‌ى توركى “931ملیۆن دۆلار” و رێژه‌ى بێكاریش بۆ %10 به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى هه‌واڵێكى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، وه‌زاره‌تى دارایى توركیا له‌ راگه‌یانراوێكى فه‌رمیدا ئاستى كورتهێنانى بودجه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌سته‌ى ئامارى ئه‌م وڵاته‌ش رێژه‌ى بێكاری راده‌گه‌یه‌نێ.

له‌ راگه‌یانراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى داراییدا هاتووه‌، كورتهێنانى بودجه‌ له‌ هه‌شت مانگى رابردوودا گه‌یشتووه‌ته‌ پێنج ملیار و 800 ملیۆن لیره‌ى توركى، واته‌” 931 ملیۆن دۆلار” .

هاوكات ده‌سته‌ى ئامارى توركیاش ئاشكراى كردووه‌ رێژه‌ى بێكاریش بۆ %10.2 به‌رز بووه‌ته‌وه‌ كه‌ مانگێك پێشتر %9.7 بووه‌.

له‌ماوه‌ى رابردوودا توركیا رووبه‌ڕووى ته‌نگژه‌یه‌كى ئابوورى بووه‌ته‌وه‌، به‌هاى لیره‌ له‌ به‌رانبه‌ر دۆلارى ئه‌مه‌ریكى به‌رده‌وام له‌ دابه‌زیندایه‌ و ته‌نانه‌ت دوێنێش له‌ بازاڕه‌كانى دراو به‌هاكه‌ى له‌ دابه‌زیندا بوو.

ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا هۆكارى ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كه‌ى وڵاته‌كه‌یان بۆ سزاكانى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و ته‌نگژه‌ دیپلۆماسییه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یانه‌.

كه‌چى ئۆپۆزسیۆنى توركیا و شرۆڤه‌كاران، ته‌نگژه‌كه‌ به‌رووداوێكى چاوه‌ڕوانكراو ده‌زانن و ده‌سه‌ڵاتى ئاكپارتى و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كى ده‌زانن له‌م كێشه‌یه‌دا.