چاپكردنی فلێكسی كاندیده‌كان به‌رده‌وامه‌



له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هەڵمەتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، چاپخانه‌كان كه‌وتنه‌ چاپكردنی وێنه‌ی كاندید و دروشمه‌كانیان، ئه‌گه‌رچی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر هەڵمەتی بانگه‌شه‌دا تێپەڕیوە، به‌ڵام هێشتا چاپكردنی فلێكسی كاندیده‌كان به‌رده‌وامه‌ و خاوه‌ن چاپخانه‌یه‌كیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاندید هه‌بووه‌ تا ٤٠٠ هه‌زار دۆلاری بۆ بانگه‌شه‌ خه‌رجكردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری چاپخانه‌ی شادی، عومه‌ر زۆرباش وتی: ”هه‌موو ئه‌و كاندیدانه‌ی كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ریان ده‌ربڕیووه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆئاماده‌كردن بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مان و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت ده‌ستیانكردووه‌ به‌ بانگه‌شه‌كردن و ئێمه‌ بەرلەو واده‌یه‌ش ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كاری و چاپكردنی وێنه‌ی كاندیده‌كان كرد و ئێستاش به‌رده‌وامین له‌ چاپكردن”.

به‌ وته‌ی عومه‌ر زۆرباش كاندیدانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان سه‌ردانی چاپخانه‌كه‌ی ئەویان كردووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ چاپخانه‌كه‌دا فلێكس و كارت و بڕۆشۆر و هه‌ندێك دیاری تایبه‌ت دروست ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت كاندید هه‌بووه‌ هه‌زار دۆلاری خه‌رجكردووه‌ و كاندیدیش هه‌بووه‌ ٤٠٠ هه‌زار دۆلاری خه‌رجكردووه‌ بۆ بانگه‌شه‌.

عومه‌ر زۆرباش ده‌شڵێت ”نزیكه‌ی ٤٠ رۆژه‌ بۆ یه‌ك چركه‌ش ئامێره‌كان نه‌كوژاوونه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ چاپكردنداین و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خواست له‌سه‌ر چاپكردن زیاتر بووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كاندیده‌كان زیاتر بوون و كێبڕكێی زۆریش له‌سه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مان هه‌یه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێكی دیكه‌ له‌ چاپخانه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ تا له‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌ نزیك ببینه‌وه‌، خواستی چاپكردنی وێنه‌ و دروشمی كاندیده‌كان زیاتر ده‌بێت و ده‌شڵێت به‌ هۆی زۆری ژماره‌ی كاندیده‌كان، ئه‌وا چاپخانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری چاپخانه‌ی ره‌نگین، زیاد بالیسانی وتی: ”ئێستا خواست له‌سه‌ر چاپكردن زۆر زیاتر بووه‌ به‌راورد به‌پێشووتر، ئه‌گه‌ر پێشووتر هه‌شت كاتژمێر كارمان بكردایه‌ ئه‌وا ئێستا نزیكه‌ی ٢٠ كاتژمێر كار ده‌كه‌ین، نزیكه‌ی بیست رۆژیش ده‌بێت ده‌ستمان به‌ چاپكردن كردووه‌”.

له‌باره‌ی خه‌رجی كاندیده‌كانیش بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، زیاد بالیسانی وتی: ”به‌ گشتی هه‌ر كاندیدێك نزیكه‌ی هه‌زار بۆ هه‌زار و ٥٠٠ پۆسته‌ر چاپ ده‌كات، واتا له‌ هه‌زار دۆلار تا ده‌ هه‌زار دۆلار خه‌رج ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌ ئه‌وا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رێژه‌ی چاپكردنی فلێكسه‌كان زۆر زیاتر ده‌بێت”.

زیاد بالیسانی ده‌شڵێت كه‌ ئه‌مجاره‌ رێژه‌ی كاندیده‌كان زۆر زیاتره‌ له‌چاو پێشووتر و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی چاپخانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كار بكه‌ن.

بڕیاره‌ رۆژی ٣٠ی ئەم مانگە، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ تیایدا ٧٧٣ كاندیدی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ١١١ كورسیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.