سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردوە ”ئەمریکا لە پشت شەڕی ئابووریەوەیە لە دژی تورکیا”.
ئەردۆغان لە کۆبونەوەی ئەندامانی ئاک پارتی وتارێکی پێشکەش کرد خوازیاری بەهێزکردنی ڕوڵی لیرەی لە بازرگانی کردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە دووپات کردەوە و وتی: ڕووبەڕووی پەلامارێکین کە ئابووری تورکیای کردووەتە ئامانج و دابەزینی بەهای لیرە هەوڵی دوژمنە بۆ لاوازکردنی ئابووری تورکیا.
دەوڵەتی تورکیا خەریکی هەوڵ دانە بۆ سەقامگیرکردنی بەهای لیرە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی چل لە سەدی بەهاکەی لە بەرامبەر دولار لە دەستداوە.
ئەردۆغان چەندین جار داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کردووە تا پاشکەوتەکانی خۆیان بکەن بە لیرە و متمانە بەدراوی نیشتیمانی بکەن وەک چارەسەرێک بۆ بەرزبووەنەوەی بەهای لیرە.
ئەمرۆ دووشەممە بەهای لیرەی تورکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لەئێستادا ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بە ٦٢٦ لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمە لە کاتێکدا بەهای لیرە ماوەی چەند ڕۆژێکە جێگیری بەخۆیەوە بینیبوو بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار بە ٦١٥ لیرە مامەڵەی پێوەدەکرا.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندی تورکیا بڕیاریدا بە زیادکردنی ڕێژەی سووی بانکەکان بە ڕێژەی لەسەدا ٢٤٪ و جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری کردە سەر بەهای لیرە.
پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە کاتی کودەتای بێ ئەنجامەکەی تورکیا لە ساڵی 2016 تووشی بارگرژی هات و دوای ئەوەش بە گرتنی قەشەیەکی ئەمریکایی لە تورکیا و بایکوتی دوو وەزیری تورک لە لایەن ئەمریکاوە گەیشتە ئەو پەڕی خراپی.
ئاندرو برونسون قەشەی ئەمریکایی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە قۆڵبەست کراوە و بە 35 ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.