سەرۆكی لیستی 105ی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پێنجوێن ڕایگەیاند، “شتێك ناهێڵین بەناوی پاشەكەوتی مووچە و پاشەكەوت كراوەكەشتان بۆ دەگەڕێنینەوە”.
قوباد تاڵەبانی، لە وتارێكیدا لە كەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدانی حزبەكەی لە قەزای پێنجوێن ڕایگەیاند، لە چوار ساڵی ڕابردودا ئێمە بەڵێنی كەممان داوە بەتایبەت بەندە، بەڵام هەر بەڵێنێكمان دابێت جێبەجێمان كردووە.
وتیشی، “بەڵێنمان داوە، كە ناهێڵین قەیرانی دارایی بمان ڕوخێنێت وەك لایەنی تر ڕایانكرد لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، بەڵام ئێمە ئەو بەرپرسیاریەتیەمان وەرگرت و لایەنانی تر دوركەوتنەوە لە پۆستەكانیان ئێمە بە بەرپرسیارانە شوێنەكانیانمان پڕكردوەتەوە و بە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەكە كرد و نەشمان وت كێشەكان هەڵەی ئەم و ئەوە”.
لە بەشێكی تری وتارەكەی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، “هەوڵمانداوە ئەوەی لار بوو ڕاستی بكەینەوە هەستاین سەرپەرشتی (نامەی چاكسازی ئابوری كوردستان و سەرپەرشتی چاكسازیەكانی كارگێڕی) كوردستانمان و كرد و بەرەبەرە ئەبینین دەرئەنجامی ئەو چاكسازیانە كوردستان بەرەو باشتر ئەڕوات و پڕۆژە وەستاوەكان بەرە بەرە دەكەونەوە كار و شتێكیش ناهێڵین لەم كوردستانە، كە بە ناوی پاشەكەوتی مووچەوە بێت و پاشەكەوت كراوەكەش بۆتانی دەگەڕێنینەوە”.