سووریا دراوێکی نوێ دەخاتە بازاڕەکانی وڵاتەکەوە و سێ جۆری جیاوازی دراوە کاغەزییەکانیش دەگۆڕێتەوە.
بانکی ناوەندیی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە رۆژی 19/9/2018ـەوە هەموو ئەو کەسانەی 50, 100 و 200 لیرەیی کاغەزی دڕاوی سوورییان لەلایە، دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن بۆ گۆڕینەوەی بە پارەی نوێ.
بانکی ناوەنیی رژێمی سووریا هەروەها رایگەیاندووە، لە کۆتایی ئەمساڵ (2018)، بۆ یەکەمجار لە وڵاتەکەدا، دراوی 50 لیرەیی ئاسن بڵاو دەکەنەوە و دەیخەنە بازاڕەکانەوە.
دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو دراوە نوێیە لە بازاڕەکانی سووریا لەکاتێک دایە، کە زیاتر لە حەوت ساڵە شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتە دروست بووە و چەندین شاریش لەژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دان.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.