حكوومەتی هەرێم 20 ملیۆن دۆلار دەداتە كۆمپانیایەكی كەنەدی


كۆمپانیای شامارانی كەنەدی رای گەیاند كە بڕی 20 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەست گەیشتووە لە بری هەناردنی نەوتی خاوی هەرێم لە ماوەی مانگی حوزەیرانی رابردوودا.

وەك لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، كۆمپانیای شاماران بڕی 20 ملیۆن 600 هەزار دۆلاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەست گەیشتووە لەوانە 15 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار لە بری هەناردنی نەوتی خاو لە مانگی حوزەیرانی رابردوو و چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلاریش وەك قەرەبوو لە بەرانبەر راكێشانی لوولەی سەرەكیی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

كۆمپانیای شامارانی كەنەدی بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت، هاوبەشە لەگەڵ كۆمپانیای وزەی قەتەڕی لە هەناردنی نەوتی خاو لە كێڵگەی ئەترووش كە لە 3ی تەمووزی پارساڵ دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كردووە.

ئێستە ئەو كۆمپانیا كەنەدییە رۆژانە نزیكەی 30 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دێنێ و بەپێی ئەوەی بەرپرسانی كۆمپانیاكە رایان گەیاندووە، قۆناغی یەكەمی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئەترووش سەركەوتوو بووە و ئێستە قۆناغی دووەم جێبەجێ دەكا بۆ پەرەپێدانی كارەكانی بەرهەمهێنان لەو كێڵگەیە.