بەهۆی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكاوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران رۆژانه‌ ٨١٠ هه‌زار به‌رمیل کەمیکردوە


لە كاتێكدا كه‌متر له‌ دوو مانگی ماوه‌ بۆ قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ تاكو ئێستا له‌ سه‌دا ٢٨ كه‌می كردووه‌.

هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له دوای كشانه‌وه‌ی تاكلایه‌نه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. 

له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ رۆژانه‌ ٨١٠ هه‌زار به‌رمیل كه‌می كردووه‌ و به‌مه‌ش بەرێژه‌ی له‌ سه‌دا ٢٨ نزمبووەته‌وه‌.

به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران، له‌ مانگی نیساندا رۆژانه‌ دوو ملیۆن و ٨٧٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ و ملیۆنێک و ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیلیشی كه‌ نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌یه‌ هه‌نارده‌ی چین و هیندستان كراوه‌. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ سه‌دا ٦٠ی دوو ملیۆن و ٨٧٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ خاوه‌كه‌ هه‌نارده‌ی چین، هیندستان، ژاپۆن و كۆریای باشوور كراوه‌ و رێژه‌كه‌ی دیكه‌یشی هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، توركیا و ئیمارات كراوه‌. 

له‌ كاتێكدا ئێران له‌ مانگی ئایاردا رۆژانه‌ دوو ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ كردووه‌، له‌ مانگی حوزه‌یراندا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ دوو ملیۆن و ٦١٠ هه‌زار به‌رمیل كه‌مبووەته‌وه‌. 

ئێران كه‌ ئه‌ندامی ئۆپیكه‌ له‌ مانگی نیسان رۆژانه‌ دوو ملیۆن و ٨٧٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو و ٣٣٠ هه‌زار به‌رمیل گازی هه‌نارده‌ كردووه‌.

گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران له‌ مانگی ته‌مووزدا زیاتر كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر بازرگانی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌. به‌هۆی گوشاره‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی هاورده‌كردنی نه‌وتیان له‌ ئێران كه‌مكرده‌وه‌ و به‌مجۆره‌ش له‌و مانگه‌دا رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ دوو ملیۆن و ٣٠٠ هه‌زار به‌رمیل كه‌می كردووه‌.