رووپێوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

وەزارەتی پلاندانان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دانیشتووان و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ راپۆرتی رووپێوی دیمۆگرافییان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

رووپێوی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان زانیاری گشتگیر لە بارەی دۆخی ئێستای دانیشتووان، داهات، خاوەنداریەتی خانوو، دەستی کار، کەرستەی ناوماڵ، خوێندەواری و ئاستی خوێندن دەخاتەڕوو. ئەم رووپێوە دیمۆگرافییە یەکێکە لە گەورەترین کارەکانی ئامارە کە لە ساڵی ١٩٨٧ بەدواوە ئەنجام دراوە، زانیاری لەبارەی ١٢ هەزارو ٦٩٩ خێزان کۆکردووەتەوە کە خێزانە نیشتەجێبووە هەمیشەییەکان و ئاوارەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی گرتووەتەخۆ.

بەپێی راپۆرتی رووپێوی ھەرێمی کوردستان، لەئێستادا رێژەی بێکاری بریتییە لە ١٠،٢ لەسەدا، هەروەها لەسەدا ٨٧ی خێزانەکان داھاتی مانگانەیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار و لەسەدا ٢٣ی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان سەرچاوەی داراییان لە بواری کشتوکاڵییەوەیە.

لە کۆنفرانسێکدا، وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی سندی وتی: “زانیارییەکانی ئەم رووپێوە بناغەیەکیان بۆ کارەکانی ئامار لە داهاتوودا داناوە و هاوکاری حکوومەت دەکەن بۆ پلاندانانی باشتر و دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی رێکتر”.

عەلی سندی هەروەها وتی: “بەپێی راپۆرتی رووپێوەکە، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە پێنج ملیۆن و ٧٥٥ ھەزار و ٤٣ کەس، داتاکان بەگشتی ئەوە نیشان دەدەن کە قەبارەی هەر خێزانێک بە گشتی بریتییە لە ٥.١ ئەندام”.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە کۆتایی ئەمساڵ دوو رووپێوی دیکە لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندن بڵاودەکرێنەوە و کۆی تێچووی پرۆسەکە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابینکراوە.

لە راپۆڕتەکەدا هاتووە کە دانیشتووان بە شێوەیەکی گشتی لە رووی رەگەزەوە هاوسەنگ دەردەکەون و لە بەرامبەر هەر ١٠٠ پیاودا، ١٠٠ ئافرەت هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا زۆرتربوونی مردنی پیاوان و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات لە گرووپی هەندێک تەمەندا دەرکەوتوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە هاوشێوەی هاوسەرگیری، منداڵبوون لەنێو ئافرەتاندا باوە، لەنێو ئەو ئافرەتانەی کە بۆیەک جاریش هاوسەرگیرییان کردبێت، کەمتر لەسەدا ٥ لە کۆتایی تەمەنی منداڵبوونەوە هیچ منداڵێکیان نەبووە، ئافرەتان لە سەرەتای تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە و لە کۆتایی تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە، یەکەم ئەزموونی منداڵبوونیان هەیە و بە تێکڕا هەر ئافرەتێک ٣ منداڵی دەبێت، ئەو ئافرەتانەی بڕوانامەی خوێندنیان بەرزترە، درنەگتر و کەمتر منداڵییان دەبێت.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەپێی ئەنجامی رووپێوەکە، زیاتر لە ٤٠ لەسەدای دانیشتووان کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵە، بەشێکی چالاکی هێزی کارن سەرەڕای ئەوە کەلێنی رەگەز بە تەواوی گەورەیە، واتا تەنها سەدا ١٥ی ئافرەتانی تەمەنی کارکردن، کاردەکەن بەراورد بە سەدا ٧٠ی پیاوانی تەمەنی کارکردن.

لە رووپێوی ئامارەکەدا هاتووە کە سەدا ٣٦ی خێزانەکان داهاتی مانگانەیان کەمترە لە ٥٠٠ هەزار دینار و زیاتر لە ٥١ لەسەدایان تێکڕای داهاتی مانگانەیان لە نێوان ٥٠٠ هەزار تا یەک ملیۆن دینار دەبێت و ١٣ لەسەدای خیزانەکانیش داهاتی مانگانەیان لە سەرووی یەک ملیۆن دیناری عێڕاقییەوەیە.