سەفین دزەیی: پێدانی مووچە باشتر بووە و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانیش گەڕاونەتەوە


وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لەبارەی قەیرانی داراییەوە، گەشبینی دەداتە هاووڵاتییان و ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی پێدانی مووچەی مووچەخۆران باشتر بووە و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانیش گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئەمەش دۆخی ئابووری هەرێم باشتر دەکات.

لەبارەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وتی: “پێویستە هەموو لایەک بزانین کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بۆ بەم قۆناغە گەیشت و قەیرانی دارایی درووستبوو، لەئێستادا بەشێکی باش لەم هۆکارانە کەم بوونەتەوە و لەمانگی ئادار تا ئێستا مووچە بە شیوەیەکی باش ٣٠ رۆژ جارێک دابەش دەکرێت و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش گەڕاونەتەوە و لە هەمانکاتدا کۆمپانیاکانی خۆماڵیش خەریکن دەست بە پڕۆژەکانیان دەکەنەوە و بەشێک لەم کۆمپانیایانەش بە شێوەی قەرز پڕۆژەکانیان ئەنجام دەدەن و ئەمەش کاریگەری لەسەر باشتربوونی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە”.

لەبارەی بۆردومانکردنی ناوچەی برادۆست لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە شەوی رابردوو، سەفین دزەیی وتی: “وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەسەر ناوچە سنوورییەکان هەمیشە هەڵوێستمان ئەوە بووە کە خەڵکی مەدەنی نەبنە ئامانج چونکە لەسەرەتادا بەشێک لە گوندەکان خەریکی ئاوەدانکردنەوە بوون، بەڵام بە هۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و بەم دواییەش پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، وایکردووە کە کاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە هەبێت، ئێمە هەمیشە داواکاریمان لەم هێزانە ئەوەبووە کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن”.

سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: “لە مانگی یەک لە کۆنفڕانسی داڤۆس، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بینی و پێشنیازێکی کرد کە ئەو ٢٥٠ – ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە پێشتر رۆژانە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە دەکرا و دواتر بە هۆی رووداوەکانی ئۆکتۆبەرەوە کەوتە ژێر دەستی حکوومەتی عێراق، ئەوا دەکرێت بەغدا لە رێگای سۆمۆ ئەو نەوتە بە بۆڕی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا بکات و سۆمۆ خۆی سەرپشک بێت لە فرۆشتن و داهاتەکەشی بگەڕێتەوە سەر خەزێنەی عێراق، لەسەرەتادا پێشوازی لە پێشنیازەکەی نێچیرڤان بارزانی کرا، بەڵام تا ئێستاش وەکو پێشنیاز ماوەتەوە و بەغدا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر نەداوە”.

سەفین دزەیی وتیشی: “هەر بۆ زانیاریتان ئەگەر لەمانگی یەک تا ئێستا، بەغدا ئەو بڕە نەوتەی بفرۆشتایە، ئەوا نزیکەی ٥ ملیار دۆلار داهات بوو بۆ عێراق لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە پارەیە بۆ خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت لە رووداوەکانی بەسرە، ئەگەر هاتوو ئەو نەوتە هەناردە بکرابووایە کرێی گواستنەوەکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بوو لە ساڵێکدا، بەڵام عێراق ئامادەبوو زیانی ٥ ملیار دۆلاری بەرکەوێت بۆ ئەوەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار نەدات بە کرێی گواستنەوەکەی کە ئەمەش بۆ کەرتی تایبەت بوو نەوەک بۆ هەرێمی کوردستان”.